Abdullah Shukur
08 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
حەلەب
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی ناوخۆ وەرگیراون، حەوت منداڵی تەمەن ١٠-١٢ ساڵ کە پیشەیان شوانی بووە، چوونەتە نێو ماڵێک لە گوندی دەرب حەسەنی باشووری رۆژھەڵاتی کۆبانێ و پاشانیش دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا کە لە ئەنجامی تەقینەوەی چەند مینێکی نێو ئەو خانووە، حەوت منداڵەکە لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لە دەستداوە.
لە لایەکی دیکەش سەرچاوەکان رایانگەیاند کە لە دوای ئەوەی پەیەدە پاککردنەوەی ناوچەکەی لە مینی چێنراو راگەیاندووە دانیشتوانی گوندەکە گەڕاونەتەوە شوێنەکەیان.
لە سەرەتای مانگەکانی ساڵی ٢٠١٥ یەپەگە کە باڵی سەربازیی پەیەدەیە بە ھاوپەیمانی پێشمەرگە و سوپای سووریای ئازاد و پاڵپشتی ئاسمانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کۆبانێی کۆنترۆڵ کردبوو.
داعش لەو ناوچانەی کە دەکشێتەوە مین دەچێنێت و ئەمەش وەک ستراتیژییەکی شەڕ بەکاردەھێنێت.