Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2016
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی رەوشی بازرگانی شارەكە دوا و گوتی: "لە ئێستادا رەوشی بازرگانی لە كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی رۆژ بە رۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە كە یەكەم پەیوەندی بە نەدانی مووچە بە فەرمانبەرانەوەیە، لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر هەبووە و ئێستا بەشێوەیەكی گشتی بەرەو پوكانەوە دەڕوات، بازرگانییەكی تریشمان هەیە كە بازرگانیەكی توندوتۆڵ بوو لە نێوان ئێمە و خوارووی عێراقدا كە رۆژانە سەدان ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر لەنێوان هەردوولا كاریان دەكرد و بژێوی ژیانی خۆیان و بازرگانانیان دابین دەكرد ئەوەش بەهۆی سیاسەتی حكوومەتی عێراقی كێشەی بۆ بازرگانەكان دروست كردووە".
ئەو گوتی: "حكوومەتی عێراق كێشەی بۆ بازرگانان دروست كردووە و دەروازەیەكی داناوە دووبارە گومرگی ئەو كاڵایانە دەكرێتەوە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە ناوچەكانی تری عێراقەوە، بەو هۆیەوە ئەو بازرگانییەی نێوان هەردوولا بەرەو پوكانەوە رۆشتووە و 95 لەسەدی وەستاوە، لە بەرامبەردا حكوومەتی هەرێم بێباكە و بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە ناكات كە بژێوی هەزاران كەسی لەسەرە".
سیروان محەمەد ئەوەشی گوت "بەغدا جەنگێكی ئابووری لەگەڵ هەرێم دەكات و بەهۆی دانانی گومرگەوە هیچ كاڵایەك ناچێتە شارەكانی تری خواروی عێراقەوە و كێشە بۆ بازرگانەكان دروست دەبێت".
سەبارەت بە دۆخی بازاڕ و كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر بازاڕی شارەكە، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لە وەڵامدا گوتی: "نەبوونی مووچە و بوودجە كاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕ كردووە، بە نموونە مووچەخۆرێك مووچەكەی لە یەك ملیۆن دینارەوە بۆ 400 هەزار دینار كەمی كردووە، بەگوێرەی ئەوەش خواست لە بازاڕدا لەسەر كاڵاكان كەمی كردووە رێژەكە بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە".
سیروان محەمەد هەروەها گوتی: "خواست لەسەر كاڵا نەبێت ئەوكات بازرگانی بەرەو خراپی دەڕوات، دوای ئەوەی رسوماتی گومرگی لە هەرێمی كوردستان لەسەر 225 مادە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، بووەتە هۆی كەمكردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە بازرگانەكان هەوڵ بدەن كارگەی بچووك و مامناوەند و گەورە لە كوردستان دابمەزرێنن و كارگەكانیان بخەنەوە گەڕ و بەرهەمەكانیان كێبڕكێی بەرهەمی دەرەوە بكات، ئێستا زیاتر بازرگانەكان بەرەو كارگەكان دەڕۆن ئەوەش شتێكی دڵخۆشكەرە".
سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان كەم كردووەتەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بواری بیناسازیدا زۆر كەمی كردووە بەهۆی ئەوەی ئێستا هیچ پڕۆژەیەك لە كوردستان نییە كە پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە بێت، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بواری خواردەمەنیش بەهەمان شێوە كەمی كردووە، بەشێوەیەكی گشتی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رێژەی 50 لەسەد كەمی كردووە و خواست لەسەر كاڵاكان لە هەرێمی كوردستان كەمتر بووەتەوە".
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی 16 هەزار ئەندامی هەیە كە زۆربەیان خاوەن كۆمپانیا و گەورە بازرگانەكانن، بە گوتەی سەرۆكی ژوورەكەش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بازرگانەكان بەرەو كاری پیشەسازی هەنگاو بنێن و هەوڵی دامەزراندنی كارگە بدەن بۆ بەرهەمهێنانی كاڵای ناوخۆیی و دابینكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان.