قودس
له به‌یاننامه‌یه‌كدا نوسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهوی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند: بڕیاری هێرشی وشكانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه دراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌رمان به سوپا كراوه له ئاماده‌باشیدا بێت بۆ فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، بنیامین ناتانیاهوی سه‌رۆك وه‌زیران و مۆش یاڵۆن وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل فه‌رمانیان به هێزه به‌رگرییه‌كانی ئیسرائیل كردووه رێ له هێرشی ئه‌ندامانی حه‌ماس بگرن كه له رێی تونێله‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌وه دزه‌یان كردووه.
هه‌روه‌ها له پاڵ فه‌رمانی ده‌ستپێكردنی هیرشی وشكانی، فه‌رمان به سوپا كراوه له ئاماده باشیدا بێت بۆ فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان. ده‌ركردنی ئه‌م بریاره‌ش ده‌گه‌ریته‌وه بۆ ڕه‌ت كردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی میسر بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه و به‌رده‌وامبوونی له‌سه‌ر موشه‌ك باران كردنی ئیسرائیل.
له به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی (هیڵی پاراستن) به‌رده‌وام ده‌بێت تا به ئامانجه‌كانی ده‌گات. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ئارامی بۆ هاوڵاتیانی ئیسرائیل ده‌سته‌به‌ر بكرێت گورزی كاریگه‌ر له ژیرخانی حه‌ماس و گروپه‌كانی دیكه‌ی فه‌ڵه‌ستین ده‌گه‌یه‌نن.
ئه‌فسه‌رێك به‌ناوی گوتهێژی سوپای ئیسرائیله‌وه، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به ئانادۆڵوی ڕاگه‌یاند: سوپای ئیسرائیل له سه‌عات 10:30ی شه‌و ئۆپه‌راسیۆنی وشكانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ده‌ست پێ كردووه.