Hemın Othman Mohammed
15 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2016
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف، فەرمانی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتینی بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا بە هێمایەكی ئەرێنی ناوزەند كرد بۆ ئاگربەست لە سووریا.
زەریف كە بە سەردانێكی رەسمی لە كانبێرای پایتەختی ئوستڕاڵیایە، پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا جولی بایشۆپ، وەزیری كۆچ پیتەر دوتن و وەزیری بازرگانی ستیڤ جیۆبۆ، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
زەریف، هەڵویستی وڵاتەكەی لەبارەی چارەسەری سیاسیی و ئاگربەست لە سووریا خستەڕو و گوتی: "بوونی نیوە ئاگربەست لە سووریادا هەواڵێكی خۆشە. لانیكەم ئەوە شتێكە كە ماوەی دوو ساڵ و نیو بۆ سێ ساڵە داوای دەكەین. كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی رووسیا نیشانی دەدا كە بەكارهێنانی هێز بۆ پارێزگاری كردنی ئەو ئاگربەستە پێویست نییە. ئەوەش پێویستە هێمایەكی ئەرێنی بێت لەسەر ئاگربەستەكە. ئێستا پێویستە چاوەڕوان بكەین و بیبینین".
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ئاگربەستەكە داعش و بەرەی نوسڕە ناگرێتەوە و گوتی: "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی ئەوانە یەكیان گرتووە. بەمەش پەیامیان ئاراستەی داعش كردووە. ئەو پەیامەی پێویستە ئاراستەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكەی بكەین ئەوەیە كە بێ بەزەییانە دژیان بجەنگین".
زەریف، ئاماژەی بەوە كرد كە دەتوانن لەگەڵ ئوستڕاڵیادا كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە داعش دوژمنی هاوبەشمانە. پێویستە هەموومان یەكبین و دژی داعش و توندڕەوی بجەنگین. لە هەموو شوێنیكی جیهاندا بینیومانە كە ئەو جۆرە توندڕەویە رێگای لەبەردەم ئەنجامدانی تاوان كردۆتەوە، نەك تەنیا لە یەك شوێندا، ئەوەش مەترسی لەسەر تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست كردووە".