هه‌ولێر
دوو رۆژه له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، كوردستانیيان له هه‌رێم و له كوردستانی رۆژهه‌ڵات له ئێران، له دژی كه‌یسی فه‌ریناز خوسره‌وانی، خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
رۆژی 3ی ئه‌م مانگه كچه كوردێک بە نێوە "فه‌ریناز خوسره‌وانی" له شاری مه‌هاباد لهرووداوێك له هوتێل "تارا" خۆی هه‌ڵدایه خواره‌وه و گیانی لەدەست دا ئه‌و رووداوه‌ش ناڕه‌زایەتی دانیشتوانی شاره‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه، دواتریش ناره‌زاییه‌كان، شاره‌كانی تری كوردستانی ئێران و ده‌ره‌وه‌شی گرته‌وه.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له پیاوان و ژنانی كوردی ئێران كه نوێنه‌ری حزبه سیاسییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوون، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، له شاری هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا.
گوته‌بێژی رێكخراوه‌كانی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ئێران، فاتمه عوسمانی بۆ په‌یامنێری ئانادۆڵو ده‌ڵێت "كۆماری ئیسلامی ئێران به سیاسه‌تی خۆی ده‌یه‌وێت، كه‌یسی فه‌ریناز به كه‌یسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م بدات، به‌ڵام قسه‌ی ئێمه وه‌كو هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌كانی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر فه‌ریناز ئەگەر ره‌فتاری به‌و شێوهیهدابایه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌و نه‌بوایه په‌نای بۆ جۆره خۆكوشتێنێكی وه‌ها خراپ نه‌ده‌برد".
گوتیشی "ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی رژێمی ئێران به به‌رده‌وامی هه‌وڵی كهرامهتشكاندنی ژنی كوردیان داوه بۆیه پێمانوایه كه‌یسه‌كانی سیاسین نه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تی".
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌كانی ژنان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "روانگه‌ی پرسی ژنان و خه‌ڵكی كورد روانگه‌یه‌كی سیاسییه و هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی ئه‌نجامی بدات، سیاسییه. له دووساڵی رابردووش كه‌یسی سومهیهمان هه‌یه هه‌روه‌ها كه‌یسی شه‌یدا حاته‌می خوێندكار له زانكۆی ورمێ كه تا ئێستا كه‌یسه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه".
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران محه‌مه‌د ساڵح قادری بۆ ئانادۆڵو گوتی "ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر شه‌ره‌ف و تاكی كورد فه‌ریناز خوسره‌وانی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، به‌داخه‌وه به‌رپرسانی ئێران، نه‌ك رێگایاندا له دادگایه‌كی عادیلانه كه‌یسه‌كه‌ی یه‌كلایی ببێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان هه‌ستان توندوتیژیان دژی خه‌ڵكی مه‌هاباد و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد".
گوتیشی "ئه‌وان هه‌وڵیاندا كه‌یسه‌كه بكه‌نه كه‌یسی سیاسی و ئه‌منی. كه‌یسی فریناز داناخرێت تا له‌دادگایه‌كی عادیل كێشه‌كه یه‌كلایی نه‌بێته‌وه، ناره‌زایی به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن هەتا كۆماری ئیسلامی ده‌ست له ره‌شه‌كوژی و سه‌پاندنی هێز له سه‌ر كوردستانیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ڵنه‌گرێت".
نوێنه‌ری پارته كوردییه‌كان له ئێران، به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زاییان دایه په‌رله‌مانی كوردستان.
له رێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه داوایانكرد كه لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی كوژرانی "فه‌ریناز خوسره‌وانی" بكرێت، له دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
هه‌روه‌ها گیراوانی خۆپیشاندانه‌كانی مه‌هاباد و شاره‌كانی تری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئازاد بكرێن.
له خاڵێكی تریش لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، داوایان له په‌رله‌مانی كوردستان كرد له رێگه‌ی خۆیانه‌وه داوا له كۆماری ئیسلامی ئێران بكرێت ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌منیه‌ی به هۆی هێزه‌وه به‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات هه‌یه هه‌رچی زووتره لاببرێت.
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، شوان قه‌ڵادزه‌یی له ناو ئاپۆڕای گردبوونه‌وه‌كه بۆ ئانادۆڵو گوتی "ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هاتووه، شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ین، ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر كچی كورد جێگای شه‌رمه‌زاری و قبووڵنهكردنه".
گوتیشی "ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له گه‌ڵ نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان رووده‌دات گفتوگۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هاووڵاییانی كورد رووبه‌ڕووی ئه‌شكه‌نجه و توندوتیژی نه‌بنه‌وه".
له‌و گردبوونه‌وه‌یه ژماره‌یه‌كی زۆر له لایه‌نه سیاسیه‌كانی ئۆپۆسیۆنی ئێرانی ئاماده بوون، به‌شی زۆریان له ژنان و گه‌نجان بوون، ده‌یان دروشمی جیاجیان به‌رزكردبووه كه گوزارشتی له "ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران نیشان ده‌دات".
له‌به‌رده‌وامی گردبوونه‌كه ژماره‌یه‌ك گه‌نجی كوردی ئێران، ئاڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانیان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان سووتاند ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی به‌شێك له هه‌ڵسوڕاوانی گردبوونه‌وه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه.
یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی كه هه‌ستابوو به گردبوونه‌وه‌كه به‌ده‌نگی به‌رز هاواری به‌سه‌ر ئه‌و كوڕه گه‌نجه كرد "بۆچی ئاڵای ئێران ده‌سوتێنیت، ئێمه هیچ بڕیارێكمان نه‌دابوو ئاڵا بسوتێنین".
ئه‌و گه‌نجه‌ی كه ئاڵاكه‌ی سوتاند نه‌یوسیت ناوی ئاشكرا بكات، به په‌یامنێری ئانادۆڵوی راگه‌یاند "ئێمه له مه‌هاباد ئاڵا ده‌سووتێنین، بۆ له هه‌ولێر نهیسووتێنین".