Sangar Hamad Azeez
04 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
سەد پەرلەمانتاری ئێرانی بە مەبەستی هەڵگرتنی سزای لە سێدارەدان لەسەر ژمارەیەک تاوان، پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دادگا و یاسایی پەرلەمان، حەسەن نەورۆزی رایگەیاند کە سەد پەرلەمانتار، بە مەبەستی هەڵگتنی سزای لە سێدارەدان لەسەر ژمارەیەک تاوان پرۆژە یاسایەک پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.
نەورۆزی ئەوەیشی راگەیاند کە ئەو پرۆژە یاسایە ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە بە تۆمەتی چەکداری و قاچاغچێتیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزا دەدرێن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نیسانی رابردوودا، ئێران پارساڵ ٩٦٦ کەسی لە سێدارە داوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بووە.
لە راپۆرتەکەدا کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، زەید رەعد حوسێن داوا لە ئێران دەکات کۆتایی بە لە سێدارەدانی هاووڵاتییان بهێنێت بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
لە گوتارێکیدا کە لە مانگی مایسی رابردوودا لە تارانی پایتەخت پێشکەشی کرد، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، عەلی لاریجانی جەختی کردەوە لەوەی کە دەبێت یاسای لە سێدارەدان لە ئێران هەموار بکرێتەوە و گوتی: "بەهۆی ئەوەی یاسای لە سێدارەدانی سزادراوانی ماددەی هۆشبەر، یاسایەکی تەواو نییە پێویستە یاساکە هەمواربکرێتەوە. لەبەر ئەوەی تاوانێکە کە دەبێت بەپێی یاساکانی خودا کار بکرێت".
بەگوێرەی ئەو یاسایەی ئێستا لە ئێران کاری پێدەکرێت ئەگەر بێت و کەسێک بە ٣٠ گرام یا زیاتر ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیربکرێت سزای لەسێدارەدان بەسەریدا دەسەپێنرێت.