Muhammet Ali Kemal
04 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم رایگەیاند ''پەکەکە هەرچییەک بێت، پەیەدە و یەپەگە هەمان شتن، تەنها ناوەکانیان جیاوازە بەلام هەموویان رێکخراوی تیرۆریستیین. چۆن داعشمان لەرێگەی سوپای سووریای ئازادەوە کە لەدانیشتوانی ناوچەکە پێکهاتوون، لە جەرابلوسەوە بەرەو باشوور تێکشکاند، هەرکاتێک پێویست بکات، دەزانین چۆن پەیەدە و یەپەگە بەزۆر لە منبج دەربکەین''.
بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەرمان گوتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند ''سەرچاوەی ژیانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی نێو وڵاتەکەمان، سووریا و عێراقە''، دواتر گوتی:
''ئەو کاتەی ناسەقامگیریی لە سووریا و عێراق نەما و کێشە ئەمنییەکان چارەسەرکران، واتە لە تورکیاش ئێمە هەنگاوێکی گەورەمان سەبارەت تیرۆر ناوە. لەو رووەوە ئۆپەراسێۆنی قەڵغانی فورات کە لە سووریا دەستمان پێکردووە زۆر گرنگە. وەک دەزانرێت، ماوەیەکی زۆرە ئێمە باس لەوەدەکەین کە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام پێویستە بۆ ئەوەی کێشەی تیرۆر و پەنابەران لەناوچەکە چارەسەربکرێت. ئەگەرچی رەخنەیەک لەم پێشنیارەمان نەگیرا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پشتیوانیی پێویست نەکراوین لەوبارەیەوە. لەبەرئەوە ئێستا کارەکە چووەتەوە سەرەتا. بۆ ئەوەی ئاسایشی سنوورەکانمان لەباشوور دابینبکەین و دەستبەری سەلامەتی سەر و ماڵی هاووڵاتییانمان کە لەو ناوچانە دەژین، بکەین، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتمان بەسەرۆکایەتی سوپای سووریای ئازاد دەستپێکرد''.
یڵدرم جەختی لەوەکردەوە لەبەرامبەر پێشهاتەکانی سووریادا تورکیا هەرگیز تەنها بینەر نابێت و گوتی:
''لەمەودوا لەبارەی سووریاوە هەرچییەک بکرێت، هەر هەنگاوێک بنرێت، بەدڵنیاییەوە پێویستە لایەنێکی ئەو کارە تورکیا بێت. چونکە تورکیا لەسەری سەرەوەی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین باری سووریای کەوتووەتە سەرشان. گوێنەدان بە تورکیا لەچارەسەری کێشەی سووریادا لەکاتێکدا 911 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و زیاتر لە 3 ملیۆن پەنابەری لەخۆگرتووە، هەڵەیەکی مێژووییە''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی لە وە کرد لەمووسڵ و تەلەعفەر لەعێراق، هەست بە جموجۆڵ کراوە و ئەوان نیگەرانن لەوەی مووسڵی دوای داعش ببێتە ناوەندی نوێی پێکدادانە مەزهەبییەکان و رایگەیاند:
''حکوومەتی ناوەندیی عێراق هاوشێوەی زۆر بابەتی دیکە، لە بابەتی مووسڵیشدا لەژێر کاریگەریی هێزە جۆراوجۆرەکاندا هەنگاو دەنێت. ئەو رێگەیە بۆ عێراق، عێراقییەکان، ناوچەکە و برایەتیی ئیسلامییش رێگەیەکی باش نییە. لە مووسڵ کە هۆزە عەرەبە سوننییەکان زۆرینەن، بێیت و ئەم شارە رادەستی چەکدارە شیعەکان بکەیت، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و پەیەدەش بێنیتە ناوچەکە، ئەمە بە مانای هەڵگیرساندنی ئاگرێکی نوێ لەناوچەکە دێت''