واشنتن - AA
ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی و گیانی ئەو ئەمریکاییانەی لە سودانی باشوور نیشتەجێن، ١٥٠ سەربازی سەر بەھێزە دەریاییەکان لە ئیسپانیا، رەوانەی ئەفریقا دەکا.
ستێڤ وارین، گوتەبێژی پنتاگۆن گوتی: "بەهۆی شەڕ و نا ئارامی لە سودانی باشوور، بۆ ھەر داواکارییەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یەکینە سەربازییەکانمان لە ئەفریقا ئامادەکراون."
ئەو هێزەی لە ئیسپانیاوە رەوانە دەکرێن. وا بڕیارە لە جیبۆتی جێگیر بکرێن و دواتر بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەنێردرێنە ناو شاری جوبا پایتەختی سودانی باشوور.
بە گەیشتنی ئەو ھێزە دەریاییە بۆ جیبۆتی، ژمارەی یەکینە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە زیاد دەکا. ئەمریکا لەو وڵاتە ١٠ ھەلیکۆپتەری جۆری ئۆسپرێی و C- ١٣٠ ھەیە. ھێزەکانی ئەمریکا ھاوکاریی ئەمریکییەکان دەکەن تاوەکو بێ کێشە سودانی باشوور جێبێڵن.
لەدوای بەرپاربوونی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، ئەمریکاییەکانی ناو سودانی باشوور، پەتیا پەیتا ئەو وڵاتەیان بە جێ دێڵن.
حەفتەی رابردوو یەکێ لەو فڕۆکە ئەمریکییانەی بۆ رزگارکردنی ئەمریکاییەکان لە سودانی باشوور نیشتنەوە، روو بەڕووی ھێرشبوویەوە کە تیایدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا حەفتەی رابردوو ٤٥ سەربازی رەوانەی سودانی باشوور کرد. لەلایەکی دیکە، بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوای کرد وەکو لە زۆر وڵاتی تردا ھەیە ھێزێکی ئاشتیپارێز رەوانەی ئەو وڵاتە بکرێ بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی لەو وڵاتە. مۆن داوا دەکا پێنج ھەزار و ٥٠٠ سەرباز، سێ ھەلیکۆپتەری جەنگی، یەک ھەلیکۆپتەری گواستنەوە و ھێزی پۆلیس بە شێوەیەکی کاتی رەوانەی سودانی باشوور بکرێ.