جۆھانسبێرگ
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری دەوڵەت لە ئەفریقیای باشوور کۆلینس چاپانی لەبارەی ئامادەکاریەکان بۆ مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی نێڵسۆن ماندێلا زانیاری خستەڕوو.
چاپانی رایگەیاند تا ئێستا ١٣ سەرکردەی ئەفریقی و ١٥ سەرکردەی جیھان ئامادەیی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە مەڕاسیمی فەرمی بەخاکسپاردنی نیلسۆن ماندێلا لە یاریگەی FNB لە رۆژی سێشەممەی داھاتوو دەربڕیوە و گوتی: " ھەریەک لە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا و ھاوسەرەکەی، ھەروەھا جۆرج دەبلیو بوش و جێمی کارتەر ھەردوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ ھاوسەرەکانیان لەو مەڕاسیمەدا ئامادە دەبن. بڕیارە دیلما رۆسۆف سەرۆکی بەڕازیل، لەگەڵ ھەریەک سەرۆکەکانی پێشووی بەڕازیل جۆسی سارنەی، فێرناندۆ کۆلەر دا مێلۆ، فێرناندۆ ھینرکوی و لولا داسیلڤا لە مەڕاسمەکە ئامادەبن."
وەزیری ئەفریقیای باشوور چاپانی ئاشکراشیکرد کە شاندێکی ٢٦ کەسی کۆنگرێسی ئەمریکی، نوێنەرە باڵاکانی ھەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەفریقیاش بەشداری مەڕاسیمی بەخاک سپاردنی ماندێلا دەکەن.
دەربارەی کاتی دەستپێکردنی مەڕاسیمەکە چاپانی زانیاری دا و ئاشکرایکرد کە سەعات ١١ی بەیانی مەڕاسیمەکە دەستپێدەکات، بەھۆی قەڵەباڵغی دەروازەکانی یاریگاکە تا سەعات شەشی سەر لە بەیانی بە کراوەیی دەمێننەوە.
وەزیر چاپانی، رایگەیاند بۆئەوەی ھەموو خەڵک مەراسیمەکە ببینێ، ٩٠ شاشەی گەورەی تەلەفزیۆن دادەنرێ و سەرۆکی ئەفریقیای باشوور ژاجۆب زوما قسە بۆ سەرۆکی وڵاتان و خەڵکی ئەفریقیای باشوور دەکا.
دەربارەی تەرمی ماندێلاش چاپانی گوتی: "تەرمی ماندێلا لە نەخۆشخانەی سەربازی پاراستراوە، لە سەعات حەوتی سەر لەبەیانی دەگواسترێتەوە. لەسەعات ١٠ سەرلەبەیانی خێزانی ماندیڵا سەردانی تەرمەکە دەکات، تا ١٣ مانگیش بە کراوەیەی بۆ سەردانی ھاووڵاتیان دەمێنێتەوە."
چاپانی رایگەیاند کە لە ١٥ی مانگ تەرمی ماندێلا بۆ بەخاکسپاردنی بۆ شوێنی لە دایکبوونی لە کونو لەناوچەی یئاسترن جاپا بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەگوازرێتەوە.