Mazın Asad
22 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2016
واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە مەرجەکانی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا روونکردنەوەیەکی ھاوبەشی بڵاو کردەوە و رایانگەیاند پێشنیار کرا شەڕ و پێکدادانەکان لە رێکەوتی ٢٧ی شوبات سەعات ١٢ی شەو بوەستێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە روونکردنەوەی ھاوبەشی نێوان ھاوسەرۆکانی گرووپی ھاریکاری نێودەوڵەتی سووریا کرد کە لە ئەمریکا و رووسیا پێک دێت و ھەوڵەکانی ھەردوو وڵات لە کۆبوونەوەکانی میونخ لە پێناو وەستاندنی شەڕی ناوخۆی سووریا لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەبیرھێنرایەوە کە لە ١١ی ئەم مانگە ئەنجام درابوو.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە "پێشنیار کرا شەڕ و پێکدادانەکان لە رێکەوتی ٢٧ی شوبات سەعات ١٢ی شەو بوەستێنرێت".
روونیش کراوەتەوە کە "لە پێناو پەیڕەوکردنی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان بڕیار بۆ دیاریکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش و بەرەی نوسڕە و رێکخراوی تیرۆریستی دیکە دراوە و راشیگەنراوە ئەگەر لایەنێک پێشێلکاری لەبارەی رێککەوتنەکە و کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان و دابینکردنی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکان بکات، ئەوە بەرپرسیار دەبێت".
ھاوکات ئاشکرا کراوە لە پێناو چاودێریکردنی لایەنی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، ئەمریکا و رووسیا ھێڵی پەیوەندی پێک دەھێنن. بۆیە ئەنجوومەنێک بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئاڵوگۆڕی زانیاری پێک دەھێنرێت.
-داعش و نوسڕە لە دەرەوەی بازنەکەن
بەپێی روونکردنەوەی ھاوبەشی ئەمریکا و رووسیا، پەیڕەوی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە تەواوی سووریا ئەو ھێرشانە ناگرێتەوە کە دەکرێتە سەر داعش و بەرەی نوسڕە و رێکخراوەکانی دیکە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە.
لە روونکردنەوەکەدا بەرپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و رژێم بەجیا پێناسە کراوە. بەو پێیەش ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە تەواوی لەگەڵ بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگونجێت و بەشداری قۆناغی دانوستانەکانی سیاسی دەکات کە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت. ھاوکات ئۆپۆزسیۆن نابێت بە ھیچ چەکێک ھێرش بکاتەسەر سوپای سووریا. ھەروەھا لایەنەکانیش دەبێت دوور بکەونەوە لە فراوانکردنی خاکەکانیان و رێگە بە تێپەڕینی ھاوکارییە مرۆییەکان بدەن. ھەر بە پێی رێککەوتنەکە ئەگەر لایەنێک بەمەبەستی پارێزگاریکردن بەرپەرچی لایەک بداتەوە ئەوە دەبێت تاوەکو ٢٦ی شوبات سەعات ١٢ی نیوەڕۆ پشتڕاستی بکاتەوە.
ھاوسەرۆکانی گرووپی ھاریکاری نێودەوڵەتی سووریا لە پێناو رێگریکردن لە ئەگەری ھەر ھێرشێکی سوپای سووریا و ئەو ھێزانەی پشتگیری لێ دەکات لەگەڵ سوپای رووسیا و ھاوپەیمانی دژی داعش بۆ سەر لایەنێک، ئامادەباشی خۆیان بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر نیشان داوە.
ھەروەھا لایەنەکان بەڵێنیان دا بە زووترین کات دەستبەسەرکراوان، ئازاد بکەن بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا راشیگەنراوە کە "ئەمریکا و رووسیا بڕیاریان داوە بێ لایەن بن لە شەڕ و پێکدادانەکان و بەشێوەیەکی شەفاف لە رێگەی میدیاکانەوە بە فراوانی چاودێری دۆخەکە بکەن".