Hamit Hüseyin
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2016
هەولێر-AA
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە دیدارێكدا باڵیۆز برۆس، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و كورتەیەكی دەربارەی كار و ئەركەكانیان لە هەرێمی كوردستان و ئەو هاوكاریە سەرەتاییانەی حكوومەتی ئەڵمانیا راستەوخۆ پێشكەشی ئەو ناوچانە دەكات كە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاركراون یان لە داهاتوودا ئازاد دەكرێن، كرد. مەبەست لەم كارەشیان هاندانی ئاوارەكانی دەستی تیرۆرە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بەتایبەتی ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لە تیرۆر رزگار كراون، لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون كە ئەو ناوچانە لە هەموو روویەكەوە پێویستییان بە هاوكاری هەیە.
باڵیۆز برۆس باسی لە پرۆگرامی داهاتووی خۆیان كرد بەتایبەتی كە پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر نزیكبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی ئەو شارە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێوان خۆیان و حكوومەتی فیدرالی عێراقی كرد و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییە لەنێوان ئەوان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر ببێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە لە پرۆگرامیاندا هەیە هاوكارییە مرۆییەكان راستەوخۆ بگەیەننە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش بۆ سەرخستنی ئەو پرۆگرامە و پرۆگرامی داهاتوویان، ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكە، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازادكراون و ئاسایش تیایاندا بەرقەرارە كە زیانی زۆریان بەركەوتووە.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە ئەو هاوكارییانەی ئەڵمانیا بارقورسیی سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر روویان تێكردووە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابینكراوە و پێشبینیش دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە روو لە هەرێم بكەن.
لە دیدارەكەدا هەردوولا بیروڕایان دەربارەی پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر و پێشبینی و لێكەوتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان، ئاڵوگۆڕ كرد.