Hemin Hüseyin
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2017
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و شاندێكی یاوەری كرد و پاش بەخێرهێنانی لە شاری هەولێر لەگەڵیدا كۆبوویەوە.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی كێشە و تەحەدیات میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە؛ ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پێشمەرگە نیشان دا كە بە چەك و ئیمكانیاتی كەم پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاند و جیهان بە سەرسامی و ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكات. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمتهرخەم بووە و، ڕایشیگەیاند كە هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا. ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕێكخراوەكەیان ئامادەیە هەماهەنگی و هاوكاریی تەواوی هەبێت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش.
لەبەرانبەردا سەرۆكی هەرێمی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندە یاوەرەكەی كرد و ڕایگەیاند كە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی دڵگەرمیی خەڵكەکەیەتی. یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند لەژێر هیچ پاساوێك نەدەكرا ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەین.
لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكاوە. هەروەها سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگییەكی باش لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا هەیە و سەركەوتنی گەورەی لێكەوتووەتەوە.
لەبارەی ئاییندەی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای داعش و ئەگەر و پێشهاتەكانی قۆناغی دوای ئازادكردنی شاری مووسڵ.
هەڕەشەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر و هەروەها ئاسەوارە خراپەكانی سیاسەتی تاییفەگەری تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.