Kosar OSMAN
04 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2015
نەتەوە یەکگرتووەکان
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رەوشی ئێستای سووریا و کێشەی پەنابەرانەوە دوا. ئەو گوتی: "کۆبوونەوەکانی ڤیەننا سەرەداوێکی بۆ دۆزینەوەی کلیلی چارەسەریی لە سووریا پێداون و بیر لەوە دەکەینەوە لە سەرەتای ساڵی تازەدا کەشوهەوایەکی گفتوگۆ بۆ سوورییەکان بڕەخسێنین کە نزیکیان بکاتەوە لە چارەسەر".
بان کی مۆن هەنگاوەکانی ئەم دواییەی بە بەرز نرخاند و جەختی کردەوە کە 23 وڵات بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن و ئەمەی بە هیوایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا وەسف کرد.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها پێی وایە رەخساندنی هەلی کۆبوونەوە لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا و وڵاتانی وەک سعوودیە زۆر گرنگە و کردنەوەی سەکۆی گفتوگۆ لەگەڵ سوورییەکان لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ستیڤان دیمستۆرا کارەکان خێراتر دەکات. هەروەها مۆن بە پێویستی زانی هەنگاوی کرداری و راستەقینە بنرێت.
بان کی مۆن لەبارەی سێیەم کۆبوونەوە لەبارەی رەوشی سووریا لە رۆژی 18ی ئەم مانگە و دەنگۆی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە لە نیویۆرک گوتی: "ئەوەی من ئاگەداری بم نوێنەری وڵاتانی بەشداربوو لە هەوڵی ئەوەدان سێیەم کۆبوونەوە لە نیویۆرک ئەنجام بدەن. منیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو کاتەم".