Mohammed Baqi Hussein
12 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2016
واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، كە لە كۆبوونەوەكانی میونیخ لە ئەڵمانیا كە لەژێر ناونیشانی "گرووپی نێودەوڵەتی پشتگیری سووریا" بەڕێوەچوو و 17 وڵات و كۆمكاری عەرەبی، یەكێتی ئەورووپا، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامیی و نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدارییان تیایدا كردبوو بڕیاردراوە، كە لەماوەی یەك هەفتەدا پێكدادانەكان لە سووریا رابگیرێت و یارمەتی مرۆیی بگەیەنرێتە ئەو خەڵكەی كە لە ناوچە ئابڵوقە لەسەرەكاندا ژیان بەسەردەبەن.
راگەیەنرا كە گرووپەكە بەكۆی دەنگ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ساتێك زووتر بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش كە لە 18ی كانوونی یەكەمی 2015 دەری كرد وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و وەك لە بەیاننامەی جنێڤدا هاتووە، قۆناغی راگوزەری سیاسیی لە سووریا دەستی پێ بكرێت، بەكارهێنانی چەكەكان بێ جیاوازی كۆتایی بێت، لەسەرتاسەری سووریادا ئاگربەست رابگەیەنرێت، گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو شوێنانەی گەمارۆدراون ئاسان بكرێت و دەستگیركراوەكان ئازادبكرێن و بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر یارمەتی مرۆیی كرایەوە و بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا بە فڕۆكە یارمەتی مرۆیی بۆ ناوچە گەمارۆدراوەكانی پارێزگای دێرازۆر بەربدرێتەوە و لەڕێگای وشكانیشەوە یارمەتی بگەیەنرێتە فواع، كەفرییا، مەزایا، موعەزەمییە و كەفر بەتنە.
لەڕوونكردنەوەكەدا هاتوووە،"ئەم كاروانی یارمەتییە بەپەلەیە دەبێتە یەكەم هەنگاوی گەیشتنی بێ بەربەست بە سەرانسەری ئەو وڵاتە".
هەروەها لەڕوونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەژێر پارێزگاری گرووپی نێودەوڵەتی پشتگیری سووریا و نەتەوە یەكگرتووەكاندا و بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و رووسیا هێزێكی ئاگربەست پێكدەهێنرێت و دوای راوێژی پێویست لە سووریا و پەسەندكردنی لەلایەن حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە، ئاگربەستەكە لەماوەی یەك هەفتەدا دەست پێ دەكات. لەماوەی ئەو هەفتەیەدا هێزی ئاگربەست، بەرنامەكانی خۆی دادەڕێژێت.