Hawkar Yaseen
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە بەغدا پێشوازی کرد لە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی و سەبارەت بە دوا گۆرانکارییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەکانی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرکۆماری عێراق بڵاویکردەوە کە لە دیدارێکدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی ھەمەھانگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەراندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی ھاتووەتە ئاراوە لە رێگای دیاڵۆگی جددی و لێکگەیشتنی ھاوبەش بە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان لە بەرژەوەندی خەڵک و ھێنانەکایەوەی سەقامگیری ئاسایش و ئابووری و خۆشگوزاری بۆ سەرجەم ھاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەتی ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیرۆڕا ئاڵوگۆرکراوە لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ئەو مەبەستەیش بەگرنگییەوە جەختیکراوەتەوە لەسەر گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و کۆتایی ھێنان بەو دۆسێیە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، بە تایبەتیتر پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵک و پاراستنی مافی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان وەک ھاووڵاتییانی دیکەی عێراق بێ جیاوازی".