Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2017
سلێمانی- AA
ساڵێك لەمەوبەر و بە دیاریکراوی لە رۆژی 17/5/2016 لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتننامەیەكی سیاسییان واژووكرد، رێككەوتننامەكە بۆ هەماهەنگی هەردوولا بوو لە پرسە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، بەڵام وەك بەرپرسانی هەردوولا ئاماژەی پێدەكەن تائێستا ئەو رێكکەوتننامەیە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، فەرید ئەسەسەرد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دەرەنجامی رێكکەوتننامەكە و هۆكاری جێبەجێ نەكردنی، هەروەها دۆخی سیاسی كوردستان و هەوڵەكانی حزبەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان دەكات.
فەرید ئەسەسەرد سەرەتا لە بارەی رێکكەوتننامە سیاسییەكەی نێوان حزبەكەی و گۆڕانەوە دوا و گوتی: "ئەمڕۆ دەكاتە رۆژی یەكەمی ساڵی دووەمی رێكکەوتننامەكە و، دەبوایە پاش رێكکەوتننامەكە و كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی هەردوولا بە یەک مانگ دەست بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی ناو رێكکەوتننامەكە بكرێت، بەڵام دوای 12 مانگ تا ئێستا هیچی لێ جێبەجێ نەكراوە".
فەرید ئەسەسەرد گوتی: "رەخنەی زۆر لە لایەن گۆڕانەوە هەیە لەسەر ئەوە، كۆمەڵێك كێشەی تریش لە نێوان هەردوولا سەری هەڵدا بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێویستە هەوڵەكان بخرێنەوە گەڕ بۆ ئەوەی رێكکەوتننامەكە جێبەجێ بكرێت".
بەرپرسەكەی یەكێتی باس لەوە دەكات "بۆچوونی زۆری كادران و بۆچوونی زاڵ لەناو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە رێكکەوتننامەكە بەرژەوەندی هەردوولای تێدایە و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم ناوچەیە دابین دەكات".
لە بارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی رێكکەوتننامەكەشەوە، فەرید ئەسەسەرد نەیشاردەوە كە بەشێكی هۆكارەكەی بۆ حزبەكەی دەگەڕێتەوە و گوتی: "بەشێكی زۆری پەیوەندی بە بۆچوونی جیاوازی ناو سەركردایەتی یەكێتی هەیە و زۆربەی بۆچوونەكانیش لەناو مەكتەبی سیاسیدایە، بۆچوونێكی بەهێز هەیە لەناو یەكێتیدا بۆ جێبەجێكردنی و لە هەمانكاتدا بۆچوونێكی تریش هەیە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ رێكکەوتننامەكەدا نەبووە و بە دەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی سەركردایەتی تێپەڕێنرا".
ئەو ئەوەشی گوت "مەبەستمان بوو رێكکەوتننامەكە جێبەجێ بكەین، بەڵام دواتر هەندێك كێشە و تەگەرە هاتنە پێشەوە، پێویستە رێكکەوتننامەكە بە هەردوولا جێبەجێ بكرێت و هەوڵ بدرێت ئەو تەگەرانەی هەیە نەهێڵدرێت، بەشێكی زۆری ئەو لێپرسراوێتییەش دەكەوێتە سەر یەكێتی".
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا لە بارەی دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە دوا و گوتی: "ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە هەموو لایەنەكان لێی بێزاربوون و هەوڵیش دراوە بۆ چارەسەركردنی، بەڵام تائێستا هەوڵەكان بە ئەنجامێكی دیاریكراو نەگەیشتوون".
ئەسەسەرد دەڵێت "ئەگەر بمانەوێت چارەسەری دۆخەكە بكەین، دەبێت بەو جۆرە بێت سازان لە نێوان لایەنەكان بێتەدی و هەمووان پێی رازی بن، بەڵام ئەگەر بابەتەكە ئەوە بێت لایەنێك یان دوان و سیان ویستی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنن، بە دڵنیاییەوە ئەو دۆخە ئەگەر چارەسەریشی بۆ بدۆزرێتەوە چارەسەرێكی تایبەت دەبێت و گشتی نابێت كە رەنگە هەوڵێك بێت بۆ چارەسەر، بەڵام بە ناكام دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە پڕۆژەی حزبەكەی و ئەنجامی سەردان و گفتوگۆكانیان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، فەرید ئەسەسەرد لە وەڵامدا گوتی: "پڕۆژەی ئێمە ئەو نەخشەڕێگایەیە كە پێشتر بڵاومان كردەوە و دامانە لایەنەكان، تیایدا باسمان لە زۆربەی بابەتەكان كردووە لە ریفراندۆم و دابینكردنی یەكڕیزی و چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی میكانیزم كە بریتییە لە دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر سێ لایەنە سەرەكییەكەدا، ئەوەش بۆچوونی ئێمەیە بۆ چارەسەر و دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستا".
ئەو هەروەها گوتی: "لەگەڵ پارتی و گۆڕانیش باسكراوە، هەردوولایەن بەشێك لەو بۆچوونانەیان رەتكردووەتەوە، بە نموونە پارتی ئەوەی رەتكردووەتەوە لەسەر بنەمای سێكوچكەی دەسەڵات چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر هەرسێ لایەن دابەش بكرێت. لە بەرامبەردا گۆڕان رازییە بە بەشێكی نەخشەكە و پۆست و سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە گرێ دەدات".
ئەو باسی لەوەشكرد کە لە دواین كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیازیان كردووە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە لەسەر ئەو بنەمایە بابەتی سەرۆكی پەرلەمان و پۆستەكە لەیەك جیابكەنەوە، "ئەوان هەمان بۆچوونی پارتییان هەبوو كە ئەو دوو بابەتە پێویستە وەك یەك بابەت سەیر بكرێت، هەردوولا بەو جۆرە سەیری دەكەن بەڵام هەریەك بە دیدێكی جیاوازەوە، گۆڕان وا سەیری دەكات هەم پۆستەكەش وەربگرێتەوە و سەرۆكی پەرلەمانیش هەمان سەرۆكی ئێستا بێت، پارتیش هەمان بۆچوونی هەیە لە گشتییەكەدا و هەردوو بابەتەكە پێكەوە گرێ دەدات و دەڵێت پۆستەكە بۆ گۆڕان نەبێت كە ئەگەر وابێت پۆستەكە بۆ ئەندامێكی تری گۆڕانیش نابێت و بۆ لایەنێكی تر دەبێت، بۆیە ئێمە لەم نێوەندەدا نەمان توانی هیچ بە هیچ بكەین".