Hawkar Yaseen
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیاندا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ پرۆژەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، میوانداری سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرانی گەشتیاری پارێزگاکانیان کرد.
پاش کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی رایگەیاند "ئەمڕۆ لە لیژنەکەمان میوانداری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانمان کرد، ئامانج لە کۆبوونەوەکەمان پەرەپێدان و بەدواداچوون بوو بۆ کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و ئامادەکاریکردن بۆ دەرکردنی یاسای گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا لە هەرێم یاسای گەشتیاری نییە".
گوتی: "ئامانجمانە بەهەموومان هەوڵبدەین گەشتوگوزار بکرێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات، ئێستا کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی دارایدا تێدەپەڕێت پێویستیمان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە، بەوپێیەش کە وڵاتەکەمان شوێنێکی جوانە و سروشتێکی جوانی هەیە دەتوانین بە هەماهەنگی هەموومان هەوڵبدەین پەرەی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری بدرێت، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گەشتیاری لای هاونیشتمانیان و رێزگرتن لەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو".
دواتریش سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمەل جەلال لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەمە یەکەمین جارە پەرلەمانی کوردستان بیر لە سێکتەرێکی گرنگ دەکاتەوە کە ئەویش گەشتوگوزارە، گفتوگۆکانی ئەمڕۆمان لەسەر ئەو بنەمایانەبوو کە گەشتوگوزار پێشدەخات لە رووی یاسایی و توانای مرۆیی و زانستییەوە، وە لە رووی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر و هەماهەنگیمان لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان گفتوگۆکانمان بەو ئاراستەیەبوو رێکبەکەوین لەسەر ئەوەی هەنگاوەکانی داهاتوومان هەنگاوی کرداریبن هەم بۆ بەدامەزراوەکردنی دەستەی گەشتوگوزار لەرووی یاساییەوە هەم ئاراستەکردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەرووی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیەوە چونکە دەستەی گەشتوگوزار بەتەنیا ناتوانێت وەڵامی هەموو ئەو پێداویستیانە بداتەوە ئەگەر هەموو وەزارەتەکان هەڵگری ئەو بەرپرسیارێتییە نەبن لەرێی دابینکردنی رێگاوبان و خزمەتگوزاریەکانی دیکە و چؤنیەتی گرنگیدان بە شوێنەوارەکان و ناوچە گەشتیارییەکان".
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمەل جەلال راشیگەیاند "ئومێد دەکەین لە ساڵی ٢٠٢١ببین بە خاوەنی دامەزراوەیەکی یاسایی و دەستەی گەشتوگوزار خاوەنی کیانێکی کارگێڕی و دارایی سەربەخۆی خۆی بێت بۆئەوەی بتوانێت لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیەبێت کە بازاری گەشتیاری و گەشتیار خواستیەتی".
گوتیشی: "ئێمە خواستمانە ئەم دامەزراوەیە بکەینە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، ئینجا وەزارەت دەبێت یان دەستەیەک دەبێت و سەربە ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، خواستمانە دامەزراوەیەکبێت سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیمان هەبێت کە توانای بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان هەبێت".