Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
پاش بەرێکەوتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی بەرەو بەغدا بەڕیکەوت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان "مەبەستی سەردانەکە چەسپاندنی رێككەوتنی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووە لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ كەتێیدا پشكی ھەرێم بە ١٢،٦٧٪ دیاری كراوە و لەئێستاشدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردن".
دوێنێ رۆژی یەکشەممە، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەبێ قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە بەڵام بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا رێککەوتن نەکراوە و لێکنزیکبوونەوەش لەنێوان هەردوولادا نەبووە، بۆیە قوباد تاڵەبانی لە سبەینێوە لە بەغدا خۆی سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری هەرێم دەکات بۆ کۆبوونەوەکان تاوەکو ئەوەی پیشتر لەگەڵ حکوومەت لەسەری رێککەوتبوون لە پەرلەمانیش بچەسپێت.