Hülya A. Gündüzalp
23 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2015
گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، عومەر چەلیک لە بارەگەی گشتیی ئاکپارتی کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و لەبارەی رۆژەڤەوە دوا.
چەلیک لەبارەی بابەتی سووریا ئاماژەی بەوە دا کە ھەندێک لە دەزگەکانی راگەیاندن ھەڵسەنگاندنی وەک "سیاسەتی تورکیا لەبارەی سووریا گۆڕاوە" یاخود "تورکیا ئامادەیە بۆ تێپەڕبوونی قۆناغێک لەگەڵ ئەسەد" دەکەن و لەوبارەیەوە گوتی: "تورکیا لەسەر بنەماکانی سەرەکی گۆڕانکاری لە سیاسەتی سووریا نەکردووە و پێویست بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریش ناکات. لەوبارەیەوەش ھیچ پێویستیەک نابینم".
گوتەبێژی ئاکپارتی روونیشی کردەوە کە کەسێک خوێنی ھاووڵاتییانی لەدەست بێت، ناتوانرێت باس لە بونیاتنانی ئاشتی و دواڕۆژێکی پڕشنگدار بکرێت و گوتیشی: "ئەو رێگەچارەیەی تورکیا دەیەوێت تێپەڕینی سووریایە بۆ ئیدارەیەکی کاتی کە ئیرادەی راستەقینەی گەلی سووریای تێدا بێت. پێویستە دواڕۆژی سووریا لەسەر مۆدێلی بڕیاردانی گەلی سووریا و جیابوونەوەی ئەسەد لە وادەیەکی دیاریکراو لە دەسەڵات بێتە ئاراوە. ھاوکات ھەڵوێستێکی وەک 'تورکیا قایلی رێگەچارەیەکە بۆ مانەوەی یەکجارەکی ئەسەد' و نیشاندانی وەک گۆڕانکاری سیاسەتی دەرەوە جێگەی باس نییە. ئەمڕۆ ئەو پێشنیارەی کردوومانە پێویستی رەوشەکە نیشان دەدات".