هەولێر
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن، بەیان سامی عەبدولرحمان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بەریتانیا یەكەم وڵاتی رۆژئاوا بوو، كە یارمەتی مرۆیی پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كرد. دوای شەڕی موسڵ، یەكسەر خەڵكی خۆی نارد بۆ كوردستان تا لەنزیكەوە لە رەوشی پەنابەران ئاگادار بن. دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە ھەولێر نزیكبوونەوە، لەندەن فڕۆكەی ھاوكاری مرۆیی و لۆجیستیكی نارد. لەم بوارەدا بەریتانیا زۆر خێرابوو، پێویستە هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو هەڵوێستەی بكات."
بەیان سامی عەبدولرحمان گوتیشی: "حكومەتی بەریتانیا پێیوایە داعش تەنیا دوژمنی عێراق نییە، بەڵكوو دوژمنی ھەموو جیهانە. بۆیە ئەوان دەیانەوێ داعش بەر لەوەی گەورەببێ لە عێراق رایبگرن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دیڤید كامیرۆن لەمباریەوە رایگەیاندووە، كە ئەگەر لەهەولێر شەر لەدژی چەكدارانی داعش نەكەین، ئەوا ناچار دەبین، رۆژێك لە بەریتانیا شەڕی داعش بكەین."
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن گوتیشی: "بەریتانیاپشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ئامادە نییە سەربازی پیادەی خۆی رەوانەی عێراق بكات، ھۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، كە خەڵكی بەریتانیا ماندوو بووە لەجەنگ و شەڕ كردن و وەك ئاشكرایە نزیكەی 10 بۆ 12 ساڵە لە ئەفغانستان شەڕ ھەیە و سەربازەكانی بەریتانی لەوێن و شەڕ دەكەن. بۆیە حكومەتی بەریتانیا دەڵێ پێویست ناكات سەربازی پیادە رەوانەی عێراق بكەین.لەگەڵ ئەوەشدا سەركردایەتی كوردیش داوای نەكردووە سەربازی بەریتانیا بێ. كورد تەنیا داوای چەك و مەشق و ھەواڵگری كردووە و داوای یارمەتی لۆجیستیكی و مرۆیی كردووە.ئەمەش كراوە و لە ئایندەش چاوەڕێ دەكرێ زیاتریش بێ."
سەبارەت بەهاریكاری سەربازی بەریتانیا بۆ هەرێم، بەیان سامی رایگەیاند: "بەریتانیا سەرەتا یارمەتی مرۆیی دا دواتر پڕچەك كردنی كوردستانی كردە ئامانج، چەكی ئەمریكی و فەڕەنسی گەیشتۆتە هەرێم، بەریتانیاش هاوكار و پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە بووە و یارمەتی ئەمریكاشی داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەریتانیا چەكی رۆژهەڵاتی ئەوروپای داوەتە پێشمەرگە، چونكە پێشمەرگە مەشقی لەسەر ئەو چەكانە كردووە و دەزانێ بەكاریان بهێنێ، لەئەگەری پێدانی چەكی بەریتانی بە پێشمەرگەش ئەوە پڕۆسەیەكی درێژخایەنە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەو پرسە تاوتوێ دەكرێ.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لەبارەی ئەگەری بوونی سەربازانی بەریتانیا لە هەولێر گوتی: "یەكەیەكی سەربازی تایبەتی بەریتانیا لە ھەولێرە، لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كار دەكەن و پاڵپشتی لۆجیستیكی بۆ هێزەكانی ئەمریكا دابین دەكەن."
لەكۆتاییدا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن بەیان سامی عەبدولرحمان گوتی: "بۆشەڕی دژی داعش بەریتانیا پڕۆسەی درێژخایەنی هەیە بۆ هاوكاری هەرێم و وابڕیارە هاوپەیمانی ناتۆ لە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەویەك لەسەر رەوشی هەرێم و عێراق سازبكات،لەو كۆبوونەوەیەدا كە بەریتانیا سەرۆكایەتی دەكات، چاوەڕێ دەكرێ بڕیاری گرنگی لێدەرچێ كەلە كۆتاییدا بە قازانجی هەرێمی كوردستان تەواو ببێت."