Serdar Açıl,Ali Kemal Akan
10 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2015
لەو کاتەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام بوو، کورتولموش روونکردنەوەیدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لەوەڵامی رۆژنامەوانێکدا کەپرسی ئایا قۆناغی چارەسەریی بەردەوام دەبێت، گوتی: "وەکو ناو چی ناو لێبنێین، قۆناغی چارەسەری شتێکی دیکەیە، بەڵام ئەو قۆناغە لەمەودوا بەناوی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی دەبینین و بۆ تورکیا گرنگی ژیانی دەبێت".
کورتولموش ئاماژەی بەوەدا لەماوەی ٣٧ ساڵدا، زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گیانی لەدەست داوە، حەوت هەزار شەهیدمان داوە، بەلایەنی کەم یەک ترلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بەئابووری تورکیا گەیشتووە، بەم جۆرە بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی دا: "بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو کارەساتانە و بۆ ئەوەی کۆمەڵگای تورکیا لەئاشتی و پێکەوەیی دا بژیت، پێویستی بە دەستپیکردنی کاری نوێیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە قسەی ئێمە ئەوە بووە؛ پێویستە ئەو هێزانەی لەپشتەوە هاریکاری رێکخراوی تیرۆریستی یان رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن دووڕووانە مامەڵە نەکەن. نابێت بەدەستێک چەک هەڵبگریت و بەدەستەکەی دیکەش سەرچۆپی بگریت. لەسەرەتا مەرجی یەکەم ئەوەیە چەکەکان لەژێر خاک بشارنەوە و سەریشی کۆنکرێت بکەن. جارێکی دیکە جگە لەهێزەکانی یاسایی دەوڵەت کەس لەو خاکە خۆشەویستەدا چەک نەگرێت بەدەستەوە".
کورتوڵموش لەوەڵامی پرسیاریکی دیکەی هەمان رۆژنامەواندا کە پرسی 'ئەمڕۆ رۆژنامەیەک بانگەشەی ئەوەی کردبوو، تورکیا و ئەمریکا هێرشی هاوبەش دەکەنە سەر داعش لەبارەی ئەوەوە چی دەڵێیت'، گوتی: "لەدوای ٢٠ تەمووزەوە تورکیا لەدۆخێکی ناخۆشدا ژیا، لەو دۆخە یەکەکانی ئەمنی، سوپای تورکیا، هێزەکانی تایبەت و یەکەکانی هەواڵگری چالاکانە لەهەماهەنگی دابوون. ئەو هەڕەشانەی لەسەر تورکیان، تەنها لەناوەوەی سنوورەکانی نین. بەتایبەت لەسووریا و تەنانەت لەعێراقیش سەرچاوە دەگرن. دەتوانین بڵێین سووریا بووەتە کۆنفیدراسیۆنی رێکخراوەکان. چەند رێکخراوێک لەسەرووی هەموویانەوە داعش راستەوخۆ دەیەوێت مەترسی بۆ سەر تورکیا درووست بکات. بۆیە تورکیا وەک چۆن لەناوەوەی سنوورەکانی تورکیا رووبەڕووی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە دەبینەوە کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا، لەدەرەوەی سنوورەکانیش سوورین لەسەر رووبەڕوو بوونەوەیان. رێگە بەهیچ رێکخراوێک نادرێت ئاسایشی تورکیا بخاتە مەترسییەوە. ئەوە بابەتی بوون و مانەوەی تورکیایە. لەو بابەتە تورکیا بەئەرکی سەرشانی خۆی هەڵدەستێت، رێوشوێنی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ پێشگرتن لەو هەڕەشانە".