Rewa Mahmut Hasan
15 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2016
پارێزگاری پێشووی مووسڵ و بەرپرسی ئێستای حەشدی نیشتمانی (هێزی سوننە) ئەسیل نوجێفی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا گەلەکەیان بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و قورسدا تێپەڕدەبێت و دۆخی سوننەکانی زۆر بە خراپ وەسف کرد و ئاشکراشی کرد کە لەئێستادا لەهەوڵی ئەوەدان دەنگیان بە جیهان بگەیەنن بۆ ئەو مەبەستەش لە واشنتۆن و وڵاتانی ئەورووپا، راستەخۆ دەکەونە گەیاندنی بیروڕاکانیان. ئەوەش بە هۆی ئەوەی وەک نوجێفی دەڵێ، حکوومەتی ناوەندیی لە عێراق کارەکتەری شیعی بەڕێوەی دەبەن، بۆیە پەیوەندیان بەجیهانەوە کەمە.
ناوبراو نەشیشاردەوە کە هەوڵ دەدەن بۆ لابردنی ئەو هەڵوێستانەی لەسەریانە و ئەو رێگریانەی هاتۆتە بەردەمیان، نوێنەرایەتی سوننەکانی عێراقیان لە واشنتۆن کردۆتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە شیعەکان، نیگەرانن بە پەیوەندی سوننەکان راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.
ئەسیل نوجێفی گوتەکانی چەند رۆژی پێشووی فەرماندەی رێکخراوی بەدری ژێر چەتری حەشدی شەعبی بیر هەموو لایەک هێنایەوە کە ئاماژەی بەوەدابوو سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان بەشدار دەبن لە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنی مووسڵداو نوجێی لەوبارەیەوە گوتی: "نەک تەنیا سوننەکانی ناوچەکە بەڵکو هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دژی بەشداری کردنی میلیشیا شیعەکانن لە رزگار کردنی مووسڵدا. لەو بارەیەوە چەندین جار هەڵوێستمان راگەیەندووە. نابێت شەڕی رزگارکردن بکرێتە شەڕی مەزهەبی".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە شیعەکان پلانیان هەیە دوای لەناوبردنی داعش، دیمۆگرافیای عێراق بگۆڕن و گوتی: "ئامانجی بەشداری کردنیان لە شەڕی تەواوی ناوچەکاندا ئەمەیە. دەیانەوێت هەموو شوێنێک بەدەست ئەوانەوە بێت. هەر بۆیە ئەو هێزانەی کە گەلەکەمان نایانەوێت. لەناوچەکانمان دەریان دەکەین".