نهتهوه یهكگرتووهكان
بان كی مون، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، جان كوبیشی دیبلۆماتكاری سلۆڤاكی و وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەو وڵاتەی بە نوێنەری تایبەتی خۆی لە عێراق و رێکخەری كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) دەست نیشانكرد.
لەو بارەیەوە، نوسینگەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: كوبیشی ئەو ئەركە لە نیكۆلای ملادێنۆڤ وەردەگرێت، كە كراوەتە رێكخەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، كوبیشی لەنێوان ساڵانی 2012-2014 رێكخەری كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە لە ئەفغانستان. هەروەها كوبیشی ئەو ئەزموونەی هەیەتی لە بواری دیبلۆماسیەت، سیاسەتی ئاسایشی دەرەكی و پەیوەندیە ئابوورییە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ئاستی وڵاتەكەی و نێودەوڵەتی لە ئەركە نوێیەكەیدا دەیخاتە كار.
شایەنی باسە، كوبیشی لە سەرەتای مانگی نیساندا دەست بەکاردەبێت.
عێراق، كە ماوەی چەند ساڵێكە لەرووی سیاسیەوە نا سەقامگیرە، بەتایبەتی لەو كاتەوە كە رووبەڕووی ئەو مەترسیە ئەمنیە بۆتەوە كە سەرچاوەكەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە. لە كاتێكدا خەریكە بیرۆكەی دابەشبوونی عێراق زیاتر پەرەدەسێنیت. بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس لە عێراق پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.