Emre Gürkan Abay,Ramal Abdullah Mahmood
23 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2017
مۆسکۆ – AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ هیوای خواست پێکدادان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونەدات و رایگەیاند "پێویستە بە دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق، کورد کێشەکانی چارەسەر بکات و داواکارییەکانی بەدی بهێنێت".
دوای کۆبوونەوەی سیرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی، ئیبراهیم جەعفەری وەڵامی پرسیاری میدیاکارانیان دایەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد لە ناوچەکە گرنگی زۆر لە خۆ دەگرێت و گوتی: "بەڵام پێویستە بە رێگای دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی عێراق کورد کێشەکانی چارەسەر بکات و داواکارییەکانی بەدی بهێنێت".
لاڤرۆڤ رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی وەک "جەنگ" لە قەڵەم نەدا و گوتی: "هیوادارین پێکدادان لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونەدات. هەردوولا دەبێت خۆیان بڕیار بدەن لەبارەی ئەوەی کە راستەوخۆ دەست بە دیالۆگ دەکەن یاخود پێویستیان بە نێوەندگیرە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاڤرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پلانیان بۆ ئەوە داناوە چالاکی کۆمپانیا رووسییەکان سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە بە تایبەت هەرێمی کوردستان وەک پارچەیەکی عێراق کە خاوەن ستاتۆی تایبەتە.
لای خۆیشیەوە ئیبراهیم جەعفەری جەختی لەوە کردەوە ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراق بووە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە خوشک و برا کوردەکانمان خاوەن بەدەستهێنانی مافەکانیان لە ناوچەکانی خۆیان. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە مافی ئەوەیان هەبێت لە عێراق جیاببنەوە".