Abdullah Shukur
08 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ناردنی ھێز بۆ ئیدلب رایگەیاند: "ئەو قۆناغەی کە دوێنێ یەکەم ھەنگاوی بۆ نراوە و بەیانیی ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئێستاش بەردەوامە، بە بێ کێشە لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد ھەوڵەکانمان بەھێمنی بەردەوام دەبێت."
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کۆتایی ٢٦هەمین کۆبوونەوەی راوێژکاریی ئاک پارتی وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "ئەگەر بە خاوییش بێت تورکیا دەستی کردووە بە گەیشتنە ئەنجام لەبارەی ھەوڵەکانی فەتۆ. ئێستا بڕیارەکانی حکوومدانیان پێ دەگات. ھەڵوێستی ئەوانەیشیان باشتر دەردەکەوێت کە لە دەرەوەی وڵاتن. ئەمە دەزانین بەڵام لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتیشەوە دەیبینین. نە لە رۆژھەڵات نە لە رۆژئاوا ئیدی ئەندامانی ئەو رێکخراوە وەک جاران ئارامی بەخۆیانەوە نابینن".
ئەردۆغان لەبارەی پشتیوانی بەشێکی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "ھەروەکو دەبینین، رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ پشتیوانی زۆر جددی لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا وەردەگرێت و پێکھاتەی خۆیان دروستکردووە. کاتێک ئێمە پرسیار لەو وڵاتانە دەکەین پێمان دەڵێن 'ئەمانە پەنایان ھێناوە'. ئەمە مانای چییە، ئەمانە ناپاک و بکوژن، ئەمانە تیرۆریستن. دادگاکانی ئێمە بڕیاری لەسەر ئەمانە دەرکردووە. ببوورن، ئەوانەی ئێوە لە ئێمە داوا دەکەن، پێویستە پێشتر ئەوەی ئێمە دەمانەوێت رادەستمان بکەنەوە".
گوتیشی: "پێویستە راستییەک بەباشی بزانین، سنوورێکی ٩١١ کیلۆمەتریمان لەگەڵ سووریا ھەیە و لێرە ئامادەکاریی جدی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک ھەیە، لە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لەمە بێدەنگ بین، ھەرچەندە دواشکەوتووین، ئەوکاتە ئەو پێکھاتەیە لەوێ چی دەکات، دروست دەبێت".
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ زیاتر گوتیشی: "بەو کارانەی رێکخراوی فەتۆ لەسەر خێزانە بەڕێزەکانی کردووە و ئەو تێڕوانینانەی خستوویانەتە روو دەردەکەوێت کە پێکھاتەی ھاوتەریبیان جگە لە دەوڵەت لەناو ئایینەکەشماندا دروست کردووە. فەتۆ لە ھەر شوێنێکەوە دەستی پێکردبێت لەو خاڵەی کە پێی گەیشتووە بووەتە جوڵانەوەیەکی لادەر و دژ بە چارەنووسی ئەھلی سوننەیە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناردنی ھێز بۆ ئیدلب رایگەیاند کە ھەنگاوی یەکەم نراوە، گوتیشی: "بەیانیی ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئێستاش بەردەوامە، بە بێ کێشە لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد ھەوڵەکانمان بەھێمنی بەردەوام دەبێت."
ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: "کێ چی دەڵێت با بیڵێت. ئێمە ڕێگە نادەین بەو ھەڕەشە و مەترسییانەی لە سووریا و عێراقەوە دێن، تەنگ بە تورکیا ھەڵبچنرێت".
لە کۆتایدا سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە دەرگای تورکیا بۆ دۆستانی واڵایە. لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئەو کەسانەی دۆستایەتی خۆیان بۆ ئێمە دەردەبڕن تا ھەتایە باوەشمان بۆیان کراوەیە. ئەوانەیش دەبنە دوژمنمان لێرەوە جارێکی دیکە پێیان دەڵێمەوە؛ لەوانەیە شەوێک لەناکاو بێین".