نیویۆرک - AA
بە ھۆی پەرەسەندنی ھێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی توندی لە رژێمی سوریا گرت.
بان کی مۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا گوتی: "رەوشی سوریا زۆر مەترسیدارە، بە توندی ئیدانەی بەکارھێنانی بۆمبی بەرمیلی دەکەم. بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری خەڵکی سوریا ئەوەی لە دەستمان بێ دەیکەین. بەردەوامین لە ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنفرانسی جنێڤ٢. لیستی بەشداربووانی کۆنفرانس ئامادە کراوە، دوای چەند رۆژێکی دیکە داوەت نامە بۆ بەشداربووان دەنێرین."
راگەیەنراوە لە بارەی بەشداریکردنی ئێران لەو کۆنفرانسەدا، ھێشتا گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ھیچ ئاکامێک.
مۆن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان پێمانخۆشە ئێران بەشدار بێ، چونکە ئێران لە ناوچەکەدا خاوەن رۆل و پێگەیەکی گرنگە و ئامادەبوونی لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ ئەرکە."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد لە بارەی بەشداربوونی ئێران لەو کۆنفرانسەدا، ناکۆکی هەیە لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشدا.
بان کی مۆن ھەروەھا داوای لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا کرد بە نوێنەرایەتییەکی بەھێزەوە، بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ ٢ بکا، چونکە بێجگە لە دانوستان، ھیچ رێگاچارەیەکی دیکە نییە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی درێژخایەنی سوریا.