1 23
25 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2016
لە كۆی 32 ئەندامی ئەنجوومەنەكە كە سەربە حەوت فراكسیۆنی جیاوان (بزووتنەوەی گۆڕان 12 ئەندام، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 11 ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان سێ ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو ئەندام، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دوو ئەندام، هاوپەیمانی یەك ئەندام و رافیدەین یەك ئەندام ) 32 ئەندامی ئەنجوومەنەكە ئامادەی دانیشتنەكە بوون.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەكر كارنامەی كۆبوونەوەكەی خوێندەوە كە تایبەت بوون بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، سەرەتاش دەنگدان كرا لەسەر بەخشینی پارێزگاری شارەكە ئاسۆ فەرەیدون لە پشكی یەكێتی و بە 23 دەنگ قبووڵكرا، دواتر بەهەمان دەنگ بەخشینی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە پشكی گۆڕان، هەڤاڵ ئەبوبەكر و دانانی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی قبووڵكرا، هەروەها جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، ئەكرەم شەریف لە پشكی یەكێتی لە پۆستەكەی بەخشرا. لە بەرامبەردا هەریەك لە ئازاد محەمەد ئەمین بە 22 دەنگ بە سەرۆكی نوێی ئەنجوومەن و ئەنوەر تاهیر لە پشكی گۆڕان بە 24 دەنگ بە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەستنیشان كران.
لە كۆبوونەوەكەدا تەنها جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و چەند ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی رەخنە و نیگەرانییان هەبوو لەسەر شێوازی دەنگدان و ئاڵوگۆڕەكان.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، ئەكرەم شەریف گوتی: "لە كۆبوونەوەی دوێنێی هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا ( رێكخەری گشتی گۆڕان) و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ( ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی) ئەكرەم شەریف تاكە كاندید بووە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام ئەمشەو بە بڕیارێكی شەخسی و دوور لە یاسا ناوەكە گۆڕاوە بە كەسێكی تر، ئەوەیش كودەتایە بەسەر یاسا كە من بە گوێرەی یاساكان شایستەترم بۆ ئەو پۆستە".
ئەكرەم شەریف و چوار ئەندامی تری ئەنجوومەنەكە دواتر بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەشیان لە حزبەكەیان كرد و بڕیاریانداوە فراكسیۆنێكی نوێ لە ئەنجوومەنەكە پێكبهێنن.
ئەكرەم شەریف بە كەسێكی نزیك لە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، بەرهەم ساڵح دادەنرێت و هۆكاری دوورخستنەوەی بۆ ململانێی ناو باڵەكانی ئەو حزبەكە دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنەكە ئەوەی رەتكردەوەو بۆ بڕیاری حزبەكەی گەڕاندەوە.
بە گوێرەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگاری نوێ هەڤاڵ ئەبوبەكر و سەرۆكی نوێی ئەنجوومەن و جێگرەكەی لە ئەمڕۆوە دەست بەكاردەبن.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە كۆتایی ساڵی 2014 (دوای ناكۆكییەكی زۆری هەردوو لایەن لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی) كە لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا واژوو كرا، پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگرەكەی، پۆستەكانی پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكەی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە و جێگرەكەی بۆ هەریەك لە گۆڕان و یەكێتی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و دواتر ئاڵوگۆڕیان پێ دەكرێت.
لەلای خۆیانەوە حزبەكانی تری ناو ئەنجوومەنەكە ئاڵوگۆڕەكانیان گەڕاندەوە بۆ رێكکەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی و قسەیەكی ئەوتۆیان لەسەر ئەو بابەتە نەبوو.
بەپێی خاڵێكی رێككەوتنەكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دوو ساڵی یەكەمی پارێزگاری سلێمانی، ئاسۆ فەرەیدون بوو كە لە 11/12/2014 دەستبەكار بوو تا 9/8/2016، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی دووەم، هەڤاڵ ئەبوبەكر دەبێت كە لە 10/8/2016 دەستبەكار دەبێت تا 30/4/2018.
بەڵام لە كۆبوونەوەی یەكشەممەی رابردوودا بەهۆی بوونی كێشە و ئامادە نەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەو ئاڵوگۆڕە دواخرا و دوای چەندین كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەردوو حزبەكە لەسەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆ رێكکەوتن.
لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار، هەڤاڵ ئەبوبەكر ( زیاتر لە 240 هەزار دەنگی هێنا) و لیستەكەشی 12 كورسی ئەنجوومەنەكەی بەدەست هێنا.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر پشكی گۆڕان كە عەبدوڵڵا نەورۆڵییە رایگەیاند داواكاری بەخشینی لە پۆستەكەی رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەكات.