Dilşad Seyfeddin Ahmet
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
ئەو خەڵاتە لە ساڵی 2011دا دوای خانەنشینكردنی لەلایەن بەڕێوەبەری پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، جەلالی سام ئاغا دیاری كرا و ساڵانە بەسەر ژمارەیەك كارمەندی دیوانی چاودێری دارایی دابەش دەكرێت كە رۆڵیان هەیە لە روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و چالاكییەكانیان لە ئەرك و كاری رۆژانەیاندا دیارە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی وردبینی سلێمانی، ئەحمەد ئەمین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەم خەڵاتە لەلایەن جەلالی سام ئاغاوە دانراوە، بیرۆكەكەی لەوەوە هاتووە كە پێشتر پارچەیەك زەوی هەبوو بڕیاری ئەوەی دا پارچە زەوییەكەی بفرۆشێت (بەبڕی 70 ملیۆن دینار) و پارەكەی لە بانكێكدا دابنێت و هیچی لێڕانەكێشرێت، تەنها ساڵانە 90 لەسەدی ئەو سووەی دێتە سەر پارەكە بەسەر فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایی دابەش بكرێت".
ئەحمەد ئەمین هەروەها گوتی: "دابەشكردنی خەڵاتەكان بەدوو شێوەیە، یەكەم فەرمانبەرانی نموونەیی كە بەپێی ئیش و كار و چالاكییەكانیان دەستنیشان دەكرێن، هەروەها چەند خانمێكی سەلار لەسەر شێوازی رەفتار و هەڵسوكەوتیان دیاری دەكرێت و تائێستا 60 فەرمانبەر ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی وردبینی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات، فەرمانگەكەیان بەردەوامە لە وردبینی و بەدواداچوونی رێنمایی و یاسا و بڕیارەكان لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئێستاشدا زیاتر لە سێ هەزار راپۆرتیان هەیە لە دیواندا و هەماهەنگی باشیان هەیە لەگەڵ داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی بۆ بەدواداچوونی كەیسەكان.
فەرمانگەی وردبینی سلێمانی كە پێشتر ناوی دیوانی چاودێری دارایی بووە زیاتر لە 200 فەرمانبەری هەیە، كاری چاودێری و بەدواداچوونی كاروبارە كارگێری و داراییەكانی فەرمانگەكانی حكوومەتە لە سنوورەكەدا.