Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2019
سلێمانی ـ AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد رایگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە گرەنتی بەردەوامبوونی ھەیە و پەیوەست نییە بە نەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە.
بەشیر خەلیل حەداد دوای سەردانێکی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بە گرەنتی لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا جێگیرکراوە و ترس لەسەر ئەوە نییە بە میزاجی سیاسی جارێکی تر ئەو بوودجەیە ببڕدرێت".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی گوت "نەناردنی نەوت نابێتە کێشە لەبەر ئەوەی ھەردوو ئەگەرەکە لەناو یاسای بوودجەدا ھاتووە کە ئەگەر نەوت رەوانە نەکرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر بکرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر نەوت نەنێرێت لەناو یاساکەدا ھەیە کە بڕی پارەی نەوتەکە دەبڕێت لە بوودجەی تەرخانکراوە بۆ ھەرێم، بەڵام مووچەی فەرمانبەران بە گرەنتییەوە دەگات".
بەشیر خەلیل حەداد جەختیکردەوە لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق و گوتی: "یەک لەو داواکارییانەی ئێمە کە تا ئێستا داکۆکی لەسەر دەکەین دروستکردنی ئەنجوومەنی فیدراڵییە لەبەر ئەوەی زۆر پێویستە دروست بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە فلتەرێکی تر بۆ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام دیارە ئەوە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی ھەموو لایەنەکان ھەیە و تا ئێستاش ئەو رێککەوتنە نەکراوە، ئێمە لای خۆمانەوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ھەوڵە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا درێژە بە بەرنامەی سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەدەن و داوایان لێدەکەن نێوماڵی خۆیان رێکبخەنەوە و ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ھەیانە نەی ھێڵن، تاوەکو ئەوان لە بەغدا بەھێز بن و داکۆکی لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.