Sangar Hamad Azeez
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2016
لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بۆسەر ناوچەیەکی شاری ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، ٢٨ کەس کوژران و ٤١ی دیکەیش بریندار بوون.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرپرسی بەرگری شارستانی لە ئیدلب، محەمەد عەلی گوتی: "فڕۆکەکانی رژێمی ئەسەد بۆردومانی بازاڕێکی شاری ئیدلبی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا-یان کرد".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ٢٨ هاووڵاتی کوژراون و٤١ی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لە سووتانی دەیان ئۆتۆمبێل و رووخانی دەیان شوێنکار و خانوو.
محەمەد عەلی گوتی: "ئەو هاووڵاتییانەی لە هێرشەکەدا بریندار بوون رەوانەی نەخۆشخانە کراون و هاوکات بەهۆی ناجێگری رەوشی تەندروستی بەشێک لە برینداران ئەگەری زیادبوونی ژمارەی کوژراوان لە ئارادایە".
جێگەی ئاماژەیە ئەو هیرشەی رژێمی ئەسەد لە کاتێکدا رووی دا کە هەر ئەمڕۆ راگەیەنرا کەوا ئەمریکا و رووسیا رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا و بڕیارە ئاگربەستەکە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا بچێتە واری جێبەجێکردن.