Mohammed Baqi Hussein
02 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2016
دەرعا
پێكدادانەكانی رۆژئاوای پارێزگای دەرعا باشووری سووریا نزیك سنووری ئوردن، بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان.
بەهۆی پێكدادانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و چەكدارانی داعش لەناوچەكەدا، هەزاران كەس ناچار بوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.
دانیشتوانی هەردوو ناحییەی تەسیل و حێت كە لەژێر گەمارۆی داعشدایە، لەڕێگای وادی زەیتونەوە بەپێ یان بەسواری گوێدرێژ پێنج كیلۆمەتر دەبڕن تا خۆیان بگەیەننە شوێنێكی ئارامتر.
سەرۆكی تیمی فریاكەوتن و پاراستنی خەڵكی سڤیل عیزەت ئەلبوقەیرات لەڕوونكردنەوەیەكیدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند، "لانیكەم دوو هەزار خێزان لە هەردوو ناحییەی تەسیل و حێت كۆچیان كردووە و لەئێستاشدا ژمارەیەكی زۆر خێزان لەڕێگادان و لەژێر گەمارۆدان".
ئەلبوقەیرات گوتی: "ماوەی پێنج كیلۆمەتر لەو رێگا مەترسیدارە بەپێ دەبڕن تا بگەنە شوێنێكی ئارامتر. ئاوارەكان لە خوێندنگەی زەیتون و تەل شیهاب نیشتەجێ دەكەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەیشداوە، لەبەرئەوەی ئاوارەكان بەپێ كۆچ دەكەن، تەنها چەند پێداویستییەكی كەمیان لەگەڵ خۆیان بردووە. بۆیە هەوڵدەدەن هێندەی لەدەستیان بێت پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن.
ئەلبوقەیرات راشیگەیاند لە كەمپەكاندا ئەو خێزانانە نیشتەجێن كە پێشتر پەنایان بۆ ناوچەكە بردووە.
دوو هەفتە لەمەوبەر ناحیەی تەسیل لە رۆژئاوای پارێزگای دەرعا لەلایەن داعشەوە كۆنتڕۆڵكرا و ناحیەی حێتیش لەهەمان ناوچە لەژێر گەمارۆی ئەو رێكخراوەدایە.
داعش دەیەوێت رێگای سەرەكی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناوەندی شاری دەرعا و رۆژئاوای شارەكە دابخات كە تا ئوردن درێژدەبێتەوە.