Heman Hussein Yaseen
22 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند کە ھەنگاوێکی پەیڕەویی و یاساییان ناوە و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و ئەنجوومەنەکە کارا کراوەتەوە.
زانا مەلا خالید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٤٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و راوێژ بە دەستەی سەرۆکایەتی بکات بۆ دواخستنی بڕگەی بەرنامەی کار، تاکلایەنە بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دواخستووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بڕگەکانی ماددەی ٤٨ گوتی: "لە بڕگەکانی ماددەی ٤٨دا ھاتووە "دواخستنی ھەر بڕگەیەکی بەرنامەی کار لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، نەک تەنھا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان"، بۆیە بە پشتەبەستن بەم بڕگەیە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی داوای کرد بە بەردەوامبوونی دانیشتنەکە و دەنگدان لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن".
زانا مەلا خالید گوتیشی: "بەکۆی دەنگی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بوون و لەگەڵ ئەوەدا نەبوون بۆشایی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان دروست ببێت، بڕیاردرا دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەردەوام بێت و دەنگ لەسەر بڕگەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران درا و بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسی ھەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە".
زانا مەلا خالید جەختیشی لەوەکردەوە کە خواستی پارتی و فراکسیۆنەکەی نەبوو ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە لەناو ھۆڵی پەرلەماندا دروست ببن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەواوی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان رەتدەکاتەوە.