Zana Natık Kerem
30 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2017
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی قەتەر، حەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی رایگەیاند كە لەگەڵ ئەمریكادا، لەسەر گرنگی دۆزینەوەی رێگەیەكی ئاشتییانە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەنداو رێككەوتوون.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی قەتەرە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی کۆتایی هاتنی ئەو وادەییەی كە هەر یەك لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر بۆ جێبەجێكردنی ئەو ١٣ داواكارییە كە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان داوییانە بە قەتەر.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن، حەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی گوتی: "قەتەر پابەندە بە بەڵێنەكانی لە بارەی كاركردن لە چوارچێوەی كەنداو و كۆمكاری عەرەبیدا".
وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشدا كە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە گرنگە قەیرانی كەنداو بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت.
سەبارەت بە داواكاری ئەو وڵاتانەی كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە لە بارەی داخستنی كەناڵی جەزیرە، وەزیری دەرەوەی قەتەر گوتی: "باوەڕمان بە گرنگی مانەوەی كەناڵی جەزیرە هەیە و چارەنووسی كەناڵەكەش، بە بڕیارێكی ناوخۆی قەتەر دەبێت".
لە ٢٤ی ئەم مانگەدا قەتەر رایگەیاند كە لیستێكی داواكاری لە وڵاتانە بەدەست گەیشتووە كە گەمارۆیان بەسەردا سەپاندووە.
هاوكات میدیاكان بڵاویان كردەوە كە لیستەكە، ١٣ داواكارییە و سێیانیان پەیوەستن بە كەمكردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی قەتەر لەگەڵ ئێران هەروەها داخستنی كەناڵی جەزیرە لەگەڵ رادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی كە بە تیرۆریست لای ئەو وڵاتانە ناویان هاتووە و ئێستا لە قەتەرن.
هەر بە پێی میدیاكان ھەر لەر بەروارەوە، سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر ١٠ رۆژیان وەك مۆڵەت داوەتە قەتەر بۆ ئەوەی ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات.
لە ٥ی ئەم مانگەوە هەر یەك لە سعوودیە، میسر، ئیمارات، بەحرێن، یەمەن، كۆماری یەكگرتووی كۆمۆرۆ و مۆریتانیا بە ھۆی ئێران و لە پێناو ئاسایشی وڵاتەكانیاندا پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و هەروەها ئوردن و جیبۆتی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەردا كەمكردووە.
ئەو وڵاتانەی كەنداو كە تا ئێستا پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەردا نەپچڕاندووە، كوێت و سوڵتاننشینی عومانە.
ھاوكات ھەر لەگەڵ ئەو بڕیارەدا فەرماندەیی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە بڕیاری كۆتاییهێنان بە بەشداریكردنی قەتەر لەو هاوپەیمانێتیەدا، دەركرد.
لە بەرامبەردا، قەتەر ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و رایگەیاند بڕیارەكەی هەریەك لە سعوودیە، بەحرێن و ئیمارات بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هیچ بنەمایەكی نییە و لەسەر بناغەی بانگەشەی ناڕاست دراوە.