1 23
10 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2016
داواكاری گشتی سلێمانی، بەختیار عەلی لە كۆنگرەكەیدا گوتی: "هەرچی بابەتی گەندەڵی و تاوان هەبێت داواكاری گشتی چاوپۆشی لێنەكردووە، ئەوەیش بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەوەیە كە لە ئەنجامی ئاگادار نەبوونی هاووڵاتییان لەو سكاڵایانە ئەو بۆچونەیان لادروست بێت كە داواكاری گشتی بەو ئەركە هەڵنەستاوە".
ئەو نموونەی بەشێك لەو كەیسانەی خستەڕوو كە فەرمانگەكەی جوڵاندویەتی" كێشەی هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە تانكەر و نادیاری داهاتەكەی، بەخشینی سووتەمەنی بە كۆمپانیای وەهمی، جوڵاندنی سكاڵای یاسایی لەسەر چوار هەزار فەرمانبەری بن دیوار، كێشەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی ئێرانی و سوودانی و لیبی، كێشەی زیادەڕەوی كردنە سەر موڵكی گشتی، دابەشكردنی نایاسایی سووتەمەنی لەلایەن سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، كێشەی پاڵاوگە نایاساییەكان، كەیسی ئەنفال و بڕوانامەی ساختەی فەرمانبەران".
بەختیار عەلی هەروەها گوتی: "هیچ كێشەیەكی گەندەڵی نەبووە كە داواكاری گشتی كاری لەسەر نەكردبێت، بەڵام ئەو كێشانە كۆمەڵێك ئاستەنگ و رێگری یاسایی هەیە بۆ بەخێرا ئەنجام گەیاندنی ئەو كەیسانە، نموونەی دەركردنی چەندین یاسای لێبوردنی گشتی بۆ ئەو كەسانەی لە كەیسەكان تێوەگلاون".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی، ئەوان تەنها ئەركی جوڵاندنی كەیسەكانیان لەسەرە و دواتر فەرمانەكان بۆ دادگا و فەرمانگەكانی تر دەگەڕێتەوە.
داواكاری گشتی سلێمانی ئەوەیشی گوت "لە دوای رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ چوونە ناو شاری هەولێر سكاڵایان جوڵاندووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بكات بەو لایەنەی كە سكاڵاكەیان لە دژ جوڵاندووە".
بە گوتەی داواكاری گشتی سلێمانی، ئەو سكاڵایانەی کە جوڵاندویانە لە دژی كەسانی جیاوازن كەبەشێكیان كەسانی زۆر باڵای حكومین.