Hemn Baban
09 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
ئەمڕۆ كۆنفڕانسی ستراتیجییەتی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا لەسەروبەند و پاش رزگاركردنی مووسڵ بە ئامادە بوونی بەرپرسانی باڵای پارێزگاكە و سەرۆكی فەرمانگەكانی لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو. سەرۆكی شارەوانیی موسڵ عەبدلستار حەبو لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند "بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان لە دوای رزگاركردنی مووسڵ پێویستمان بە زیاتر لە 500 ملیار دینارە، ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەش دە هێندەی دەوێت".
پارێزگاری نەینەوا نەوفل سوڵتان حەمادی دەڵێت "ژوورێك بۆ ئۆپەراسیۆنەكان دروست دەكرێت و مووسڵ دەكرێت بە دووبەش و هەر 32 یەكە ئیدارییەكەشی یەكەی جیا دەبن".
ئەمڕۆ لە ژێر دروشمی "دەست لەناو دەست لە پێناو نەینەوا" كۆنفڕانسی ستراتیجییەتی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا لەسەروبەند و پاش رزگاركردنی مووسڵ بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەوینەوا نەوفل سوڵتان حەمادی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشار كیكی و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەرانی ناحییە و سەرۆكی فەرمانگەكانی پارێزگاكە و نوێنەری كونسوڵی ئەمریكا و توركیا و بەریتانیا و ژمارەیەك لە نوێنەرانی كونسوڵەكانی وڵاتانی بیانی و عەرەبی لە هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد و وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ كۆتایی پێ بێت.
پاش راوەستانی خولەكێك بۆ گیانی قوربانییانی دەستی داعش سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەشار كیكی لە وتارێكدا باسی لەوە كرد كە چەند قۆناغێك بۆ رزگاركردنی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی ژێر دەستی داعش لە پارێزگاكەیان هەیە كە سەرەتا بە گەیشتنی هێزە چەكدارەكانی سوپای عێراقە بۆ نزیك میحوەری مەخموور - گەیارە و دواتر پلانی مەدەنیی و دیاریكردنی پێویستییەكانی پارێزگاكە لەكات و دوای رزگاركردنی مووسڵ.
بەشار كیكی رەخنەشی لە حكوومەتی عێراق گرت لەوەی بە قسەی ئەو پارێزگاكەی لە رووی بوودجە و خزمەتگوزارییەكانەوە بەتایبەت بۆ ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە، گوتیشی: "حكوومەتی عێراق بەرامبەر ئاوارەكان و گەیاندنی خزمەت كەمتەرخەم بووە، هەروەكو چۆن لە بوودجەی پارێزگاكەش هەمان شتی كردووە، بۆیە نازانیین ئەوەی بەرامبەر بە پارێزگا دەیكات كەمتەرخەمییە یان پەراوێزخستن و ئەو جۆرە شتانە".
دواتر پارێزگاری نەینەوا نەوفل سوڵتان حەمادی وتارێكی پێشكەش كرد كە زیاتر بە شێوازی وتاردانەكە و وشە و رستەكانیش لەوە دەچوو كە زیاتر پەیامێك بێت بۆ خەڵكی پارێزگای نەینەوا ئەوانەی ئێستا لەدەستی داعشدان بۆ هاندانییان و بەئاگاهێنانییان لەوەی ئەمان دەستیان كردووە بە هەنگاونان بەرەو رزگاركردنیان لەدەستی داعش.
پارێزگاری نەینەوا لە وتەكەیدا گوتی: "بەداخەوە ئەمڕۆ مووسڵ لەلایەن گرووپێكەوە كە بەرگی ئاینییان بە بەری خۆیاندا كردووە و بێ بەرین لێی داگیركردووە، نە ژیان ئاساییە و نە فێركردن و خوێندن هەیە و نە دەرفەتی كاریش هەیە، بۆیە بەدانیشتووانی مووسڵ دەڵێن چاوەڕوانی كاتژمێرەكانی كۆتایی رزگاركردنتان بن لە دەستی داعش".
گوتیشی: "لە سێ مانگی رابردوودا لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا هەماهەنگییمان هەیە و لەگەڵ ئەوەدابووین كە دەبێت یەكبگرین و دەستپێشخەرییمان هەبێت و یەكگرتوو بین بەرامبەر بە دوژمنەكانمان، نەینەوا چاوەڕێی ئێمەیە و پڕۆژەكانمان بێ هەماهەنگی سەرناگرێت".
باسی لەوەش كرد كە لەقۆناغی رزگاركردنی نەینەوا تۆڵەسەندنەوە قبووڵ ناكەن و لەگەڵ ئەوەشدا ناهێڵن تاوانباران لەدەستی دادگە هەڵبێن.
دواتر پێویستییەكانی هەر فەرمانگەیەك لە فەرمانگە سەرەكییەكانی پارێزگای نەینەوا لە رێگەی سلایدەوە نیشانی ئامادەبووان درا لەو بڕە پارانەی بۆ گەڕاندنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویستن.
بەپێی زانیارییەكانی نێو كۆنفڕانسەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای نەینەوا 95 ملیار دیناری پێویستە، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی كارەباش 63 ملیار دینار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕو 40 ملیار دیناری پێویستە، لەگەڵ 15 ملیار و 785 ملیۆن دیناری دیكە بۆ وێستگەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی نەینەوا پێویستی بە 219 ملیار دینارە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانیی نەینەوا 87 ملیار دیناری پێویستە، كۆی گشتی ئەو پارانەشی پێویستە وەكو قۆناغی یەكەم لە سەروبەند و دوای رزگاركردنی نەینەوا بریتییە لە 519 ملیار و 785 ملیۆن دیناری عێراقی كە نزیكەی 436 ملیۆن دۆلار دەكات.
پارێزگاری نەینەوا نەوفل سوڵتان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "مەبەست لەم كۆنفڕانسە بۆ دانانی پلانی فریاكەوتن و دامەزراندنی ژوورێكە بەمەبەستی رێگەگرتن لە كۆنتڕۆڵ نەكردنی ئەمنی، هەروەها رێگەگرتن لە تۆڵەسەندنەوە و دانە دادگای سەرجەم بكوژەكان، هەروەها دەستپێشخەرییەكیشمان بۆ یەكسختنی قسەكانمان".
گوتیشی: "هیچ بڕە پارەیەك تەرخان نەكراوە، بەڵام سەرۆكوەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە هاوكار دەبێت، ئێمە لە پلانەكەماندا مووسڵ دەكەین بە دوو بەش و هەر 32 یەكە ئیدارییەكەش دەكەین بە یەكەیەكی سەربەخۆ بە جیا بەمەبەستی ئاسانكردنی جێبەجێكردنی پلانەكە".
سەبارەت بە دواین پێشهاتەكانی رزگاركردنی نەینەوا لە رووی سەربازییەوە پارێزگاری نەینەوا گوتی: "دوێنێ سەردانی سەركردایەتیی ئۆپەراسیۆنەكانمان كرد بە ئامادەبوونی جێگری سەركردەی هێزە زەمینییەكانی سوپای عێراق، فیرقەی 15 تەواو ئامادەیە و سەرۆكوەزیران رەزامەندیی دەربڕیوە لە گەڕانەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیسی نەینەوا لە بنكەی سپایكەرەوە بۆ مەخموور، رەزامەندی دەربڕدراوە بۆ گەڕانەوەی سێ فەوج لەو هێزانەی ئەو بنكەیە و بە چەند بەشێك".
سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو و سەرۆكی شارەوانیی مووسڵ عەبدلستار حەبو لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە لەسەرەتادا پلانەكەیان بڕی زیاتر لە 500 ملیار دۆلاری پێویستە، لەو رووەوە ئاشكرای كرد "لەم كۆنفڕانسەی ئەمڕۆ باسی پلانی ستراتیجیی كرا و ژوورێكی ئۆپەراسیۆنەكان بەسەركردایەتی پارێزگای نەینەوا دروست دەكرێت و ئەوەی پلانەكە پێویستیی پێیەتی بۆ گەیاندن و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان برییتیە لە زیاتر لە 500 ملیار دیناری عێراقی و ئەو پارانە لە حكوومەتی خۆجێی دەست ناكەوێت و چاومان لەوەیە لەلایەن حكوومەتی ناوەندی و وڵاتانی كۆمەك بەخش و سندوقی ئاوەدانكردنەوە پاڵپشتی بكەن، دەبێت ئەو پارەیە بە زووترین كات لەبەردەست بێت بەمەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و كڕینی ئامێر و كەلوپەلی پێویست".
ئاشكراشی كرد "ئێستا لێژنەیەكی دیكە هەیە بۆ پێداچوونەوە بەو زیانانەی بە پارێزگای نەینەوا كەوتووە لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش بۆسەر پارێزگاكە و رەنگە ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە دە ئەوەندەی ئەو پارەیە بێت كە ئێستا پێویستمانە وەكو قۆناغی یەكەم بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان كە زیاتر لە 500 ملیار دینار بوو".