Sarmand Hameed
15 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2022
ههولێر-AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر جارێکی دیکە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارییانەی کرد كە لە دەرەوەی دەوڵەت کار دەکەن و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی کە پێشتر لە دەسەڵاتدابوون لە حكوومەتی نوێی عێراقدا پۆست وەربگرن.
مەحمود ئەلجیاشی بەناوی موقتەدا سەدرەوە گوتاری هەینی بۆ ئەو لایەنگرانەی رەوتی سەدر خوێندەوە کە لە ناوچەى سەدرى بەغدا بەشدارییان لە "نوێژی یەکگرتوویی" کرد.
هەرچەندە چاوەڕێ دەکرا کە سەدر بەشداریی لەو نوێژەدا بکات و گوتارێک پێشکەش بکات، بەڵام مەحمود ئەلجیاشیی رایگەیاند، ئەو گوتارەی ئەو پێشکەشی دەکات بە دەستی خودی سەدر نووسراوەتەوە.
لە گوتارەکەی سەدردا، ئەلجیاشی گوتی: "ئێمە لە دووڕیانێکی سەختداین کە داواکارییەک هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن هەندێک کەسەوە کە بیری باشیان بۆ ناکەینەوە و پێشتر ئەوانەمان تاقیکردووەتەوە.تاقیکراوە تاقی ناکرێتەوە".
موقتەدا سەدر داوای لەو کەس و لایەنانە کرد کە کار بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن، لە رێگەی دیپلۆماتی و پەرلەمانییەوە کار بۆ دەکردنی ئەو هێزانە بکەن کە ئەو بە "داگیرکار" ناوی بردن.
ههروهها داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارییانەی کرد كە لە دەرەوەی دەوڵەت کار دەکەن.
رێبەری رەوتی سەدر لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا داوای لە فراکسیۆنە سیاسییە شیعەکان کرد کە تەوبە بکەن و ئەو گەندەڵکارانەی کە سەربە ئەوانن دادگایی بکەن.
موقتەدا سەدر لەبارەی مەرجەعییەتەوە، گوتی: "من گوتهبێژی مەرجەعییەت نیم، ههموو لایهك دهزانن كه مەرجەعییەت دهرگای خۆی بهڕووی ههموو سیاسییەکاندا داخستووه و ئهمهش خۆی له خۆیدا سوكایهتییه بۆ سیاسهتمهدارانی شیعه به تایبهتی، بۆیه داوایان لێدهكهم کە سەرەتا داوای لێبوردن لە خودا و پاشان لە مەرجەعییەت بکەن".
رێبەری رەوتی سەدر لە درێژەی گوتارەکەیدا سەبارەت بەو کەس و لایەنانەی کە کار بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەکەن، گوتی: "زۆربەیان قەناعەتیان بەوە نییە کە خۆشەویستی نیشتمان لە ئیمانەوە، ئاراستەکانیان بووەتە دەرەکی، داوایان لێدەکەم خۆشەویستی خۆیان بۆ نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هاوبەرامبەر بکەن لە رووی دیپلۆماتی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە".