09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی سوات، نەقیب مەحمود عەلی سەعدی رایگەیاند كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دژ بە داعش لە ٤٨ كاتژمێری رابردوودا لە ناوچەی مووسڵی كۆن، ٢٣ لە هێزە عێراقییەكان كوژراون كە پێنجیان پلەیان ئەفسەرە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مەحمود عەلی سەعدی گوتی: "ئەو چەكدارانەی داعش كە هێشتا لە رووبەرێكی بچووكی ناوچەی مووسڵی كۆن ماون، شەڕی مان و نەمان دەكەن".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچەی مووسڵی كۆن، حەوتی پۆلیسی فیدراڵ كوژراون كە دوانیان ئەفسەرن بە پلەی نەقیب و ١١یش لە هێزەكانی سوات كوژراون كە یەكێكیان ئەفسەرە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە هەر لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دوو رۆژی رابردوودا لە مووسڵی كۆن، پێنج سەربازی دژە تیرۆر كوژراون كە دوانیان ئەفسەرن بە پلەی ملازمی یەك.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا، عەقید ئوسامە قوتەیبە عامری بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند كە هێزەكانیان توانیویانە سێ سەركردەی داعش بكوژن و یەكێكی دیكەش دەستگیر بكەن كە هەوڵیاندابوو لە بەشی راستی مووسڵەوە دزە بكەنە بەشی چەپی شارەكە.