Sarmand Hameed
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق، بریندەر سینگ یاداڤ کرد کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی گشتیی ھیندستان لە ھەولێر، سوبحان سی کەین ئامادەی بوو، مەسرور بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ھیندستانی کرد بۆ ئەرک و ھەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی ھیندستان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان. ھیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی تازەیدا.
باڵیۆزی ھیندستان وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ ئەو ئاسانکاری و ھەماھەنگییەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشکەشی باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی ھیندستانی دەکەن، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی.