Nazlı Yüzbaşıoğlu
29 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، ئەمریکا بە هۆی ئەوەی یەپەگە/پەکەکەی وەک هاوبەشی خۆجێیی لە سووریا هەڵبژاردووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بنبەستێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا درووست بکات و گوتی: ''لە کاتێکدا ئەمریکا هاوبەشێکی بەتوانای وەک تورکیای هەیە، متمانەکردنی بە یەپەگە/پەکەکە هەڵەیەکە کە زیانی پێدەگەیەنێت''.
گوتارێکی مەولود چاوشئۆغڵو لە ژێر ناونیشانی ''ئەمریکا هاوبەشێکی هەڵەی هەڵبژارد'' لە ماڵپەڕی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکرایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەکردووە ئەمریکا بە حوکمی بەرژەوەندییەکانی پەیوەستە بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵام تورکیا نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەریەک لە سوویا و عێراقدا هەیە و رایگەیاند ''ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا و تورکیا لەم جوگرافیایە و لە دەرەوەشیدا، بریتییە لە لەناوبردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر دانیشتوان. داعش دوژمنی هاوبەشمانە و ئەگەر رۆڵی کاریگەری تورکیا نەبووایە زاڵبوون بەسەر داعشدا مەحاڵ دەبوو''.
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەکردووە سەرەڕای ئەوەی داعش لە رووی سەربازییەوە لە عێراق و سووریا شکستی هێناوە، بەڵام بەگژداچوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە لایەن تورکیاوە بەردەوامە و رزگارکردنی جەرابلوس لە داعش لە لایەن سوپای تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٦دا لە باکووری سووریا رۆڵێکی زۆر گرنگی لەوبارەیەوە گێڕاوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەکردووە تورکیا زیاتر لە ١٠ هەزار چەکداری داعش و ئەلقاعیدەی دەستگیرکردووە و پێنج هەزار و ٨٠٠ تیرۆریستی دیپۆرتکردووەتەوە و رێگریی لە زیاتر لە چوار هەزار گومانلێکراو کراوە بێنە ناو تورکیاوە.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردووەتەوە دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی بە کارکردن لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگەدا کردووە، پەیوەندییەکانیان دەستی بە تێکچوون کردووە و نووسیویەتی:
''بە هۆی ئەوەی ئەمریکا یەپەگە/پەکەکەی وەک هاوبەشی خۆجێیی لە سووریا هەڵبژاردووە، بنبەستێک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە و ئەمریکادا درووستبووە. ئەوەش بەناو گرووپێکە کە لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە. بە ناو یەکینەکانی پاراستنی گەل یان یەپەگە، بە ناوەکەی دیکەی بە روونی رێکخراوی نایاسایی تیرۆریستیی پەکەکەیە. گرووپەکان ناوی جۆراوجۆریان هەڵبژارد و پێکهاتەی ئاڵۆزیان گرتەخۆ، بەڵام ئەمە راستییەکە ناشاردرێتەوە. لە لایەن هەمان کەسەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، لەهەمان کەمپەکاندا مەشقیان پێدەکرێت، خاوەنی هەمان پێکهاتەی رێکخراوەیی و سەربازیین و هەمان رێگەی بانگەشەکردن و سەرچاوەی دارایی بەکاردەهێنن. پەکەکە، یەپەگە ئاراستە دەکات. خۆکوژەکانی پەکەکە لە کەمپەکانی سووریای یەپەگە پێدەگەیەنرێن''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژە بەوە دەکات کە تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیا لە سووریا و عێراق ئەو چەکانە بەکاردەهێنن کە ئەمریکا پێی داون و مەشقیان لەسەر کردووە و نووسیویەتی:
"جگە لەوە ئەو چەکانەی هێزە ئەمنییەکانمان دەستیان بەسەرداگرتووە و تایبەتە بە تیرۆریستانی پەکەکە، ژمارەیان زیادی کردووە. پڕچەککردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی کە هێرش دەکاتە سەر ئەندامێکی ناتۆ و ئەو پڕچەککردنەش لە لایەن هاوپەیمانێکی تری ناتۆوە خۆی لەخۆیدا پێشێلکارییە بەرامبەر ئەو بنەمایانەی کە ناتۆ نوێنەرایەتی دەکات".
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی کردەوە لەوەی کە ئەو سیاسەتەی ئەمریکا پەیڕەوی دەکات زیان دەگەیەنێت بە متمانەی ناتۆ لەنێو ئەندامەکانیدا و گوتی: "کاتێک ئەمریکا هاوبەشێکی بەرامبەری وەک تورکیای هەبێت، بچێت متمانە بە یەپەگە/پەکەکە بکات، ئەمە زیان بەخۆی دەگەیەنێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا کە لێدوانی "تێدەگەین لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا" هەڕەشە و مەترسییەکان لەناو نابات و تورکیا چیتر ناتوانێت زیاتر چاوەڕێ بکات لەم قۆناغەدا".
لە بەشێکی تردا وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەو هەڕەشانەی ئەم ماوەیەی دوایی کردووە کە لەنێو کەمپەکانی داعش و یەپەگە/پەکەکەوە دروست بوون و دووپاتی کردەوە کە تیرۆریستانی ناوچەی عەفرین لە سووریا، هەڕەشەیان بۆ سەر خەڵك و ناوچەکە دروست کردووە و هەڕەشەی گیانی و ماڵییان بۆ سەر تورکیا دروست کردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ناچار بوون بکەونە خۆیان، هەربۆیە تورکیا ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونی دژ بە تیرۆریستانی عەفرین دەستپێکرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا هەوڵەکانی خۆی بۆ یارمەتییە مرۆییەکان زیاد کردووە و کەمپی دروست کردووە بۆ ئەو کەسە مەدەنیانەی لە عەفرین هەڵدێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە سێ ملیۆن سووری لە تورکیان و لە رێگەی دەزگاکانی یارمەتی مرۆییەوە پشتگیریان دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان خوازیارن داهاتوویەک بنیات بنێن بۆ ئەو دراوسێیانەی کە تەنگەژەی ناوخۆییان هەیە کە ئەندامانی تیرۆریستی تیادا نەبێت و شەڕی ناوخۆیان نەبێت و جەنگ و کارەساتی تیادا نەبێت کە لەمەشدا، تورکیا مافی ئەوەی هەیە رێزو پشتگیری ئەمریکا بەدەست بهێنێت.