Mazın Asad,Rewa Mahmut Hasan
26 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، دانا وایت ئاماژەی بەوە دا کە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر عەفرین، چاوەکان لەسەر ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا دادەبڕێت و راشیگەیاند لە نیگەرانییە شەرعییەکانی تورکیا لەبارەی ئەمنی تێدەگەن و لە قەیرانیشدا نین لەگەڵ تورکیا.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دانا وایت و گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کینیز ماکنزی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ساز کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.
-"تورکیا نیگەرانی شەرعی لەبارەی ئەمنییەوە ھەیە"
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی داواکاری تورکیا بۆ ئەمریکا سەبارەت بە وەستاندنی ھاوکارییە سەربازییەکان بۆ پەیەدە/پەکەکە، دانا وایت گوتی: "لە ئێستادا زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا کار دەکەین. ئەوان ھاوپەیمانمانن لە ناتۆ و نیگەرانی شەرعییان لەبارەی ئەمنییەوە ھەیە. بۆیە لە کارکردن لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبین".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی ئەگەری سەرھەڵدانی قەیران لە نێوان تورکیا و ئەمریکا لەبارەی پرسی سووریاوە، وایت رایگەیاند "لە قەیراندا نین لەگەڵ تورکیا و ھاوپەیمانمانە و لەگەڵیان کار دەکەین. بەڵام ئێستا (ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون) چاوەکان بۆ لایەکی دیکە دادەبڕێت. وەک ھاوپەیمانەکان پێویستە لە ئەرکی بەر دەستمان واتا بەرەنگاربوونەوەی داعش چڕ ببینەوە".
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کینیز ماکنزی ئاماژەی بە نیگەرانییە شەرعییەکانی تورکیا لەبارەی ئەمنییەوە کرد و رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی عەفرین رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا دروست بکات.
کینیز ماکنزی ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە عەفرین چەندە کاریگەری بکاتە سەرکەمکردنەوەی بەرەنگاريیەکانی داعش لەلایەن پەیەدە/پەکەکە لە دۆڵی ناوەراستی فورات ، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لەلایەن ئەمریکاوە هێندە بەنەرێنی کاریگەرییان لەسەر دەبێت. و گوتی: "هەر بۆیە پێکەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دۆخە لەگەڵ تورکەکان کاردەکەین".
ماکنزی ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا نزیکترین وڵاتە لە کێشەی سووریاوەو گوتی: "(تورکیا) تاکە وڵاتی ناتۆیە کە پێکدادانی ئاکتیڤ لە سنوورەکانیدا ھەبێت، لە ھەموو ئەمانە تێدەگەین و ئەو خاڵەی دەبێت بیڵێم ئەوەیە. ئێمە مەشقمان بەو گروپە کوردانەی لە 'گیرفانی عەفرین' دان نەکردووە و چەکمان نەداونەتێ. ئێمە لەدۆخێکداین کە سەرقاڵین بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دۆڵی ناوەراستی فورات و باشوور و رۆژھەڵاتیدا بەڕێوەی دەبەین".
ماکنزی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان چاودێری ئەو چەکانە دەکەن کە داویانەتە پەیەدە/پەکەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی فورتدا و لەبارەی ئەو چەکانەی داویانەتە رێکخراوەکە لەگەڵ تورکیا قسەیان کردووە.
لەبەرامبەر وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر منبج لەلایەن تورکیاوە، ماکنزى گوتی: " نازانم کە تورکیا دەچێتە نێو منبج یان نا، بەڵام ئەمە پرسێکە کە چاودێری دەکەین لەبارەی داهاتووشەوە ئەگەرێکە. لەو بارەیەوە ئێستا هیچ نامەوێت قسەم هەبێت".