Rewa Mahmut Hasan
13 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2016
ئەنتاڵیا
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو لەبارەی پشتگیری سعوودیە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، چەند روونکردنەوەیەکی دا.
لە بەرامبەر پرسیارێکدا دەربارەی سعوودیە و رووبەڕووبوونەوەی داعش، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا ژمارەی ئەو فڕۆکانە دیار نییە کە بڕیارە سعوودیە بینێرێت، توانستی فڕۆکەخانە و پێویستییەکان لە نێوان سوپادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت، گوتیشی ئەوان تەنیا بڕیارە سیاسییەکەیان چارەسەر کردووە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بەردەوام ئەوان دەڵێن بۆ سەرکەوتنی رووبەڕووبوونەوەی داعش، هێرشی ئاسمانی تەنیا بەس نییە و پێویستی بە هێرشی زەمینیش هەیە کە ئێستاش هەمان بۆچوونیان هەیە و گوتی: "لەبری ئەوەی پشت بە رێکخراوێکی تری تیرۆریستی ببەستین، لەبەرئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی لەوێ هەیە، داعش، بگرە بەرەی نوسڕا، ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەسەدا ٤٥ی سووریا و لەسەدا ٣٠ی عێراقی داگیر کردووە، لە هەردوو وڵاتدا لەسەدا ٤٠ی داگیر کردووە. ماوەی ساڵێکە هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدرێت. دیسانەوە درەنگ گەیشتنە ئەو بڕوایەی ئێمە. ئێمە لە سەرەتاوە دەیڵێین ئەمە تەنیا پرسی تورکیا و سعوودیە نییە. دەبێت هەموومان پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان پێکەوە بین بەڵام هەتا ئەمڕۆکە لەو بارەیەوە هیچ بڕیارێک و ستراتیژییەتێکی تەواو لە ئارادا نییە".
لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە کاردانەوەکانی وڵاتەکەی لە هەمبەر پەیەدە گەیاندۆتە کیری و گوتی: "کاردانەوەی خۆمان پێ گەیاند. ئەویش بەڕاشکاوانە بیروڕای خۆیانی لەوبارەیەوە گەیاندووە. ئەو کاردانەوانەی ئێمە لە بەرامبەر پەیەدەو یەپەگەوە، نەبەسراوەتەوە بە هەست و سۆزەوە. کێشەمان لەگەڵ کوردەکان نییە. ئایا کێشەمان لەگەڵ کورد هەیە لە ئیدارەی باکووری عێراق؟ نەخێر، بەپێچەوانەوە لەهەموو بارەیەکەوە یارمەتی ئەوان دەدەین، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوانەیە گوایە پارێزەری مافی کوردەکانن ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانەی کە لەگەڵیانن. واتە پەکەکە و ئێستاش هەدەپە لە پەرلەماندایە ئەوە جیایە. لەلایەکی ترەوە ئێمە دژ بە یەپەگە و پەیەدەین کە تێکەڵ بوون لەگەڵ پەکەکە".
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە لەسەر پەیوەندی پەیەدە و یەپەگە بە پەکەکەوە چەندین بەڵگەیان رادەستی ئەمریکا کردووە کە چەنیدن کەسی پلە بەرز بە وێنەکایەنیانەوە دراونەتە ئەمریکا لەناو پەکەکەو پەیەدە و یەپەگەدان. هاوکات نەشی شاردەوە کە ئەمریکا دۆست و هاوپەیمانی ئەوانە و بەڕاستی نەیزانی کە بەو شێوەیە نزیک بێت لە رێکخراوێکی تیرۆریستی و گوتی: "ئەمریکا وردە وردە راستییەکان دەبینێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە گەیاندنی راستییەکان".