Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستان و یاساناس و پارێزەران، رێوڕەسمی شەشەمین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەڕێوەچوو کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بە رۆڵی پارێزەرەکان لە قۆناغە جیاجیاکان کرد و راشیگەیاند، ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا، بە بەراورد لەگەڵ دەستووری زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بە دەستوورێکی پێشکەوتوو لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی، دۆخێکی وای خوڵقاند کە ئێستا قسە لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، جگە لە کاری سەندیکاییی خۆی لە ئەرکە نیشتمانییەکانیشدا ئامادەییی بەرچاوی ھەبووە، ھەر لە بەشداریی ئەندامانی لە ھەڵبژاردنە یەک لە دوا یەکەکانی کوردستان بە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانەوە، تا ھاوکاریکردن لە ئامادەکردنی چەندین پرۆژەیاسای گرنگ بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەرکی دیکەی نیشتمانی، وەک داکۆکیکردن و پاراستنی خۆبەخشانەی مافەکانی ئەنفالکراوان، ھەوڵەکانیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە گەلی کوردستان کراون، ھەروەھا ئامادەییان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە عێراقدا، ئەمانە ھەموو ئەو شتانەن کە جێی شانازیی ئێمە و جێی شانازیی خۆیانن و دەستخۆشییان لێدەکەم و سوپاسیان دەکەین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "کۆمەڵگەی دروست و پێشکەوتوو، زادەی کولتوورێکی سیاسی، فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤدۆستانەی سەردەمیانەیە کە دەستوور و یاسای گونجاو لەگەڵ ئەو کولتوورە، چوارچێوەی ماف و ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی تیادا دیاری دەکەن. کۆمەڵگەی کوردستان، خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندی ژیاندۆستی، نەریت و بەھای جوانی مرۆڤایەتییە. وێڕای شانازیکردنی بە ناسنامە و رەسەنایەتیی خۆیەوە، ئامادەیی و مەیلێکی بەھێزیشی بۆ کرانەوە و گەشەکردن و پێشکەوتن هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە لە هەرێمی کوردستان ھەمیشە ھەوڵدراوە بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەھا مرۆییەکان، لە یاسا و بڕیارەکاندا رەنگ بدەنەوە و ئاماژەی بە چەندین یاسای گرنگی تایبەت بە بواری یەکسانی و ئازادیی سیاسی، ئایینی و ئازادیی رادەربڕین کرد و دووپاتیشیکردەوە کە چەندین بڕیاری گرنگ بۆ رێگری لە توندوتیژی، داکۆکی لە مافی ژن و منداڵ دەرکراون و کاریان پێ دەکرێت.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە بەبێ سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، مەحاڵە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دروست رێکبخرێت و بەڕێوە ببرێت و گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت و مەبەستمانە کۆمەڵگای کوردستان بە دروستترین شێوە رێکبخرێت، بۆ ئەوەی کوردستانییان ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان ھەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەکات. سەندیکای پارێزەرانیش دەتوانێت رۆڵی گرنگ لەم بوارەدا ببینێت. سەروەریی یاسا، دڵنیایی دەبەخشێتە ھەر تاکێک کە ژیان و مافەکانی پارێزراو دەبن. یەکسانی و دادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاساکاندایە بە کردەیی پێویستە رەنگ بداتەوە، ھەر بۆیە بە ئەندازەی گرنگیی خودی یاساکان، جێبەجێکردن و کارپێکردنیان بە شێوەیەکی دروست، گرنگن بۆ وڵاتەکەمان".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر داڕشتنی دەستوور و گوتی: "ئێوە دەزانن کوردستان پێویستی بە داڕشتنی دەستوورە و ئەوەش یەکێکە لەو ئەرکە نیشتمانییانە. دەستووری شیاو بۆ ھەرێمی کوردستان وەک دایکی یاساکان، دەستوورێکە رەنگدانەوەی پاشخانە کولتووری و خواستە سەردەمییانەکەی کۆمەڵگا بێت بۆ پێشکەوتن و کرانەوەی زیاتر. دەستوورێک کە ھاووڵاتی و بەھا مرۆییەکان، چەقی ئامانج و مەبەستەکانی بن. تێدا ھیچ بەھایەک لەسەرووی بەھای مرۆڤ و نرخی ژیانەوە نەبێت. جیاوازییەکان وەکو یەک رێزلێگیراو بن، مافی سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تیایدا پارێزراو بێت و ھیچ جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایینی و مەزھەبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی، نەتەوەیی، رەگەزی و ئاستی کۆمەڵایەتی، لە دەستوورەکەماندا بوونی نەبێت. لەم لایەنەوە، پارێزەران و یاساناسان، دەتوانن بەشداریی کارایان ھەبێت و یارمەتیی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەن".
لەبارەی دەستووری عێراقیشەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا، بە بەراورد لەگەڵ دەستووری زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بە دەستوورێکی پێشکەوتوو لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی، دۆخێکی وای خوڵقاند کە ئێستا قسە لەسەر ھەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی، دەستوور نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی لە عێراقدا، فەرامۆشکردنی ئەو دەستوورەیە. بۆیە دەبێت لای ھەمووان روون بێت کە دەستووری عێراق بە ھەر ھەموارکردن و دەستکاریکردنێکەوە، دەبێت رەنگدانەوەیەکی دروست و واقیعییانەی سەرجەم جیاوازی و تایبەتمەندیی پێکھاتەکانی بێت و مافی رەوای ھەمووانی تیادا سەلمێنرابێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە رێگری لە ھیچ ھەموارێک ناکەین کە لە پێناو باشترکردنی ژیان و بەڕێوەبردندا بێت لە عێراق، بەڵام ھەر ھەموارێک نایەکسانی دروست بکات و زیان بە دیموکراسی و فیدرالی بگەیەنێت، دژی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلی عێراقە و بە ھیچ شێوەیەکیش لەگەڵ داخوازییەکانی خۆپیشاندەراندا یەک ناگرێتەوە. گەلی عێراق باشترکردنی بەڕێوەبردن و ژیان و گوزەرانی دەوێت، نەک ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی عێراق. بەڵکو عێراق پێویستی بە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی ھەیە و کێشە و قەیرانەکان بە تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری چارەسەر نابن، بەڵکو ئاڵۆزتر دەبن. کێشە و قەیرانەکانی عێراق، کەڵەکەبووی ھەڵە و خراپیی بەڕێوەبردنی ساڵانێکی دوور و درێژی حکوومەتەکانن، ھیچ حکوومەتێک ناتوانێت لە ساڵێکدا چارەسەری ئەو کێشانە بکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن بە مەبەستی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان.