21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەركردەی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی كۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، رەوشی سیاسیی، ئەمنیی و تەندروستیی وڵات لەگەڵ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال-دا تاوتوێ كراون.
لە بەیاننامەكەدا راگەیەنراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، نوری مالیكی جەختیكردووەتە لەسەر ئەوەی گرنگە گفتوگۆكانی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ تێپەڕاندنی بەرەوڕووبووەكانی ئێستا بە تایبەتیش پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 ) لەگەڵ لێكەوتەكانی دابەزینی نرخی نەوت بەردەوام بن.
سەركردەی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی راشیگەیاندووە ئامادەن هاوكاربن بۆ دەركردنی ئەو یاسایانەی كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدرال رێك دەخات بە تایبەتیش لە پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز و دابەشكردنی سامانەكانی نیشتمانیی.
راگەیەندراوەکەی نووسینگەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە میانی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی نوری مالیكی كردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و حكوومەتی فیدرال پتەو بکات بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بەردەوام بن لەسەر كاركردن بە ئامانجی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن كە خزمەت بەرژەوەندییەكانی هەمووان بكات.
لە بەرامبەردا نوری مالیكی رەزامەندی لەسەر بانگهێشتنامەكەی نێچیرڤان بارزانی نیشان داوە و رایگەیاند كە لە نزیكترین دەرفەتدا، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
دوێنێ شەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتبووە بەغدا كە لە میانیدا لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتەكەی عێراق و ژمارەیەك سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆبووەتەوە.
ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یەكەم سەردانی بۆ بەغدا دادەنرێت لەدوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق.
هەریەك لە جێگرانی سەرۆكی هەرێم، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، فەوزی هەریری یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەكەن لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا.