21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح ئاشكرایكرد، گرنگە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتر لە نێوان ھاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان لە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و ریشەكێشكردنی تیرۆر.
بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە شاندێكی نوێنەرانی كوردانی كاكەیی كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە لە دیدارەكەدا سەركۆمار جەختیكردووهتەوە لە گرنگی پتەوكردنی برایەتی و پێكەوەژیان لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی گەلی عێراق، بەجۆرێك ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتدا و راشیگەیاندووە، گرنگە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتر لە نێوان ھاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان لە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و ریشەكێشكردنی تیرۆر.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بەرهەم ساڵح تیشكی خستووهته سهر ئهوهی كە هێزە ئەمنییەكان ئەركی ئاسایش و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی عێراق بگرنە ئەستۆ، هەروەها كاربكەن بۆ رێگرییكردن لە هێرشكردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی، بە تایبەتی كوردانی كاكەیی لەلایەن تیرۆرستانەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، بەرهەم ساڵح رۆڵی كاكەییەكانی لە بەگژاچوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و بەرگریكردنی كاكەییەكانی لە شار و گوندەكان بەرز نرخاندووه.
لای خۆیانەوە شاندەكە ئەو ئاڵنگارییانەیان خستووهتهڕوو كه رووبەڕووی كاكەییەكان دەبنەوە، و هەڵوێستی خۆشیان دوپاتكردەوە لەسەر پتەوكردن و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتمانی و بنەما كۆمەڵایەتییەكان كە ھەموو پێكهاتەكان بەیەكەوە دەبەستێتهوه.
ئهم سهردانه دوای ئەوە دێت كە چەند رۆژێك لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردە سەر ماڵێكی كوردی كاكەیی لە گوندی دارا سەربە قەزای خانەقین باكووری پارێزگای دیالە و لە ئاكامدا، شەش كەس كوژراون و شەشی دیكەیش برینداربوون.