hemn husain
12 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2016
بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت کەریم شەنگاڵی و یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەلیسا سلۆتکین لە کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پرۆتۆکۆڵێکی سەربازییان واژو کرد.
بەپێی ناوەڕۆکی پرۆتۆکۆڵەکە وڵاتی ئەمریکا ھاوکاریی سەربازی و دارایی پێشکەشی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات و تاوەکو تەواوبوونی شەڕی دژی داعش کار بە پرۆتۆکۆڵی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکرێت لەو چوارچێوەیەشدا وڵاتی ئەمریکا بڕی 415 ملیۆن دۆلار دەداتە هێزەکانی پێشمەرگە.
دوای واژوکردنی پرۆتۆکۆڵی سەربازی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر ئومێد سەباح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە کار بۆ واژوکردنی ئەم پڕۆتۆکۆلە دەکات و گوتی: "دوو ساڵە کار بۆ واژوکردنی ئەو پرۆتۆکۆڵە دەکرێت، کە تێیدا جەخت لە ھاوبەشی ھەردوولا دەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەروەھا ھەردوولا ھاوکار دەبن لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا".