Ramal Mahmood
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی سەرۆکی شاندی ئەرمەنی کە تۆمەتی پشتگیریکردنی داعشی خستبووە پاڵ تورکیا، گوتی: "ئێوە چۆن دەڵێن کە ئێمە پشتگیری داعشمان کردووە، لە کاتیکدا تەنها لە کەمپی باشیک زیاتر لە ٧٠٠ تیرۆریستی داعشمان لەناوبردووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانی ٦٢هەمین زنجیرە کۆبوونەوەی گشتیی نوێنەرانی ناتۆ کە لە هۆتێلی Hilton İstanbul Bomonti لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە رێکخرا، لە کۆڕێکدا بەناوی "سیاسەتی ئەمنی" وتارێکی بەناوی "سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و ئەمنییەتی هەرێمیی" پێشکەش کرد.
لەدوای وتارەکە چاوشئۆغڵو وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە، سەرۆکی شاندنی ئەرمەنییەکان کۆریون ناهاپەتیان کە بەناوی ئەرمنستانەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردبوو، بانگەشەی ئەوەی کرد کە "تورکیا بەشێوەیەکی چالاک پشتگیری داعشی کردووە و پیادەکردنی سیاسەتەکانی بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە" داوایشی لە تورکیا کرد کە تورکیا لەژێر رۆشنایی "ئاشتی لەناوخۆ، ئاشتی لە جیهان" پەیوەندییەکانی بەباشی و بێکێشە لەگەڵ هاوسێکانی بەردەوامی پێ بدات.
چاوشئۆغلو لە وەڵامدا گوتی: "لەوانەیە بیروبۆچوونمان جیاواز بێت. ئێوە ئەرمەنستانین و من تورکم. بەڵام هەموو کات پێویستە راست و دروست بین. بەتایبەت کە سیاسی بین. ئەوەم لە پەرلەمانی ئەورووپاش بینیووە. بەڵام بەداخەوە هاوڕێ ئەرمەنییەکانمان راست و دروست نین. ئێوە چۆن دەڵێن کە ئێمە پشتگیری داعشمان کردووە. تا ئێستا کێ لە وشکانییەوە بە کردارەکی ئۆپەراسیۆنی بۆسەر داعش ئەنجام داوە؟ تا ئێستا کام وڵات هێندەی تورکیا تیرۆریستانی داعشی کوشتووە. تەنها لە کەمپی باشیک زیاتر لە ٧٠٠ تیرۆریستی داعشمان لەناوبردووە ئەوە تەنها لە عێراق. تا ئێستا ئۆپەراسیۆن بەردەوامە بەهەموو هێزەکان لە میانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵیشدا زیاتر لە ٧٠٠ چەکداری داعشیان نەکووشتووە. ئەی کێ کاریگەری هەیە لەسەر شەڕکەرە بیانییەکانی داعش؟ داعش رقی لەئێمەیە. سەیری ماڵپەڕەکانیان بکە رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕی نزیکەکانی بەمنیشەوە بە سەرسەختترین دوژمنی خۆیان دەزانن. بۆچی؟ وەک پێم گوتی بەهۆی چالاکبوونی ئێمەیە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو تیرۆریستان لەناوەوە و دەرەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیاش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ناوبراو گوتی: "ئێمە هیج کێشەیەکمان لەگەڵ عێراق نییە. تەنها لە سەرەتاوە دەمانگووت بەهۆی سیاسەتی مەزهەبگەرای مالیکی دۆخی عێراق بەم رۆژە دەگات. ئێمە پشتگیری مانەوەی عێراق و سووریاین بە یەکپارچەیی و دژی دابەشبوونیانین".