Zana Natık Kerem
29 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2018
پاریس ــ AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان رایگەیاند، ئەو سەردانەی كە سەرۆكی وڵاتەكەی، ئیمانوێل ماكرۆن بە نیازە لە كۆتایی مانگی داهاتوودا بۆ رووسیا ئەنجامی بدات، هێشتا لە ئارادایە.
جان ئیڤ لۆدریان بە رادیۆی لۆكسەمبۆرگ ـ ی فەڕەنسی راگەیاندووە، كە وێرای ئەو قەیرانەی كە لە ئەنجامی هەوڵی كوشتنی سیخوورییەكەی پێشووی رووسیا لە بەریتانیا سەری هەڵداوە، بەڵام هێشتا، ئیمانوێل ماكرۆن سوورە لەسەر ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو سەردانی رووسیا بكات".
ئەم لێدوانەی جان ئێڤ لۆدریان دوای ئەوە دێت كە رۆژی دووشەممەی رابردوو، فەڕەنسا دیپلۆماتكارانی رووسیای لە وڵاتەكەی دەركردبوو، ئەوەیش وەك پشتیوانییەك لە بەریتانیا كە مۆسكۆی بەوە تۆمەتبار كردوو لەوەی هەوڵی كوشتنی سیخووری پێشووی رووسیا لە بەریتانیا، سێرگی سكریبال-ی تەمەن 66 ساڵ و كچەكەی بە ناوی یولیا تەمەن 33 ساڵی دابوو.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتیشی: "داوامان لە مۆسكۆ كردووە رێز لە یاسایی نێودەوڵەتی بگرێت".
ساڵی رابردوو راگەیەنرابوو كە سەرۆكی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن سەردانی رووسیا دەكات.
چاوەڕوان دەكرێت لە میانی سەردانەكەی بۆ رووسیا، ئیمانوێل ماكرۆن بەشداری لە چالاكییەكانی كوڕبەندی ئابووری بكات كە لە 24 و 25ی مانگی داهاتوو لە شاری سانت پێتێرسبورگ بەڕێوەبچێت.