ھەولێر
ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەكدا لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان ١١٥ رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە بۆ ئەوەی لە عێراقی نوێدا تاوانەكانی جینۆساید و جەنگ و ھەموو تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتی دووبارە نەبنەوە، پێویستە عێراق بۆ دڵنیاكردنەوەی خەڵكی كوردستان و كەمینەكان بە پەیماننامەی رۆماوە پەیوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ساڵی رابردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بە فەرمی سكاڵای لە سەر داعش كە تاوانی گەورەی دژبە ئیزدییەكان، كریستیانەكان، شیعە و شەبەك ئەنجامداوە، تۆمار كرد بەڵام بە ھۆی ئەندام نەبوونی عێراق لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی سكاڵاكە رەت كرایەوە.
رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داوایان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد كە فشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات. ھەروەھا داوا لە بەرپرسانی ھەرێم كرا كە ئەو داوایە وەك داوی ھەموو خەڵكی كوردستان بناسن و ئەو تۆمەتبارانەی كە ھاووڵاتی ھەرێمی كوردستانن و تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە یا بەشداریان تێداكردووە دادگایی بكرێن و رێگە بە ھێچ عێراقییەك نەدرێت بێتە نێو خاكی كوردستان كە تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوەكان فوئاد عوسمان بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "وەك وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوەكان پشتیوانی ئەو ھەڵوێستە دەكەین كە عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی و ئێمە لە سەر ئاستی ئاساندنی جینۆسایدی كورد ھەمیشە روبەڕووی ئەو كێشەیە بووینەتەوە و ئێستاش بۆ پرسی ئیزدییەكان دووبارە ئەو كێشەیە ھەیە و ھەروەھا داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەین كە عێراق ببێتە ئەندام تا ئەو تاوانانە لە دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بە تاوان بناسرێن".