Hemn Baban
07 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2019
ھەولێر - AA
ئهندامی سهركردایهتی پارتی دیموكراتی كوردستان، چنار سهعد عهبدوڵڵا رایگەیاند، ھەرچۆنێک بێت پۆزەتیڤییەکانی بەستنی کۆنگرە لە نێگەتیڤییەکانی باشترە.
چنار سەعد عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەڵێت ھێشتا لەنێو سەرکردایەتی حزبەکەی ئەو باسە نەکراوەتەوە و گوتی: "لەڕاستییدا ماوەیەک بەسەر بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان تێپەڕیوە، رەنگە ئەمە ویستی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتیش نەبووبێت، بەڵام بارودۆخێکی تایبەتی ئەوەی سەپاند کە ئەم دۆخە رووبدات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و باری ئابوورییەوە بوو، ھەموو جەختکردنەوە و تەرکیزەکان لەسەر ئەو لایەنانە بوو و رەنگە زەمینە لەبارنەبووبێت بۆ بەستنی کۆنگرە".
ئەو ھەروەھا گوتیشی: "بەڵام دوای ئەوەی ھەڵبژاردنمان کرد و قۆناغەکانمان تێپەڕاند و دۆخەکە باشتربوو، ئێستا دەنگۆیەکی گەرموگوڕ ھەیە بەوەی کە ئیدی کاتی بەستنی کۆنگرە خەریکە نزیک دەبێتەوە، بەڵام سەبارەت بەوەی کە کەیە، ئیدی ئایا کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتوو دەبێت؟ جارێ ھێشتا دیار نییە و لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ ھەواڵ یان دانیشتنێکی فەرمی بۆ ئەو مەبەستە نەمانبیستووە و نەکراوە، بەڵام ھێشتا گفتوگۆیە لەنێو خۆمان و چاوەڕوانییمان ھەیە کە تا کۆتایی ئەمساڵ دوای ئەوەی حکوومەتی نوێ پێکدێت، دۆخەکە و دۆخی ھەرێمی کوردستان کە لای ئێمە ئەولەوییەتە بکەوێتە سەر سکە و دۆخەکە لە رووی ئابووری و ژیانی خەڵکەوە ئاسایی تر ببێتەوە ئەوکات ئەو بابەتە بابەتێکی جیددیە و قسە و ئامادەکاریشی بۆ دەکرێت ئەوێ کات، بەلای منەوە باشتریین کات بۆ بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتووە ئەگەر ھیچ دۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر ئاستی باڵا ھیچ باسێکی بەستنی کۆنگرە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە یان نا، چنار سەعد عەبدوڵڵا روونی دەکاتەوە "ھێشتا لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەم پرسە نەکراوە و تەنھا لەسەر ئاستێکی سنووردار و لەنێو کادیران رەنگە قسە و باسی لێوەبکرێت، بەڵام لەنێو سەرکردایەتی پارتی ئەو باسە نەکراوە".
سەبارەت بە پێویستیی بەستنی کۆنگرە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو خاڵ ھەیە وا دەکات دامەزراوەکان ھەمیشە خۆیان نوێ بکەنەوە، حزبەکان بەپێی یاسا مۆڵەتیان ھەیە و رێکی خستوون، بەپێی ئەو یاسایە دەبێت چەند ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستن بۆ خۆنوێکردنەوە، بۆیە ئێمە بەپێی یاسا پابەندین وەکو حزبەکانی جیھان و ناوچەکەش لەکاتی خۆیدا کۆنگرە ببەستیین، بێ گومان ھەموو کۆنگرەیەک خاڵی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ھەیە، پۆزەتیڤییەکەی ئەوەیە گوڕوتینێکی نوێ بە بەر ئەو ئۆرگانە دەھێنێتەوە، نێگەتیڤییەکەش ئەوەیە کە ئیفرازاتی ھەیە و ھەندێک کەس رەنگە دەنگ نەھێنێت و دڵی بڕەنجێت و جۆرێک لە ناڕەحەتی لە لای ھەندێک خەڵک دروست بێت، بەڵام بەگشتی پۆزەتیڤیی زیاترە لە نێگەتیڤییەکانی".
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە لایەن مەلا مستەفای بارزانی دامەزراوە، سەرەتا ناوی "پارتی دیموکراتی کورد" بووە و لە کۆنگرەی سێیەمیدا لە ١٩٥٣ کە لە کەرکووک بەسترا ناوی پارتی بوو بە "پارتی دیموکراتی کوردستان".
پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو ئێستا بەدرێژایی ٧٣ ساڵی رابردوو، ١٣ کۆنگرە بەستووە و دوایین کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی هەزار و٥٠٠ ئەندام و لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ لە ھەولێر گرێدا.