Hemin Hüseyin
22 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە بەشداری پێکهێنانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن و وەکو ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی حکوومەت دەمێننەوە.
ئەمرۆ یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا و بەکۆی دەنگ بریاریدا بەشداری کابینەی داھاتووی حکوومەت نەکات.
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان،هادی عەلی راشیگەیاند کە دوای ئەوەی راپرسی لەسەر ئاستی کادیرەکان ئەنجامدراوە، رای زۆرینە ئەوەبوو کە بەشداری لە کابینەی داھاتووی حکومەت نەکەن و وەک ئۆپۆزسیۆن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن.
کاتژمێر١١ی شەوی هەینی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی راگەیاند و ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی بەیەک لیست دابەزیبوون، ٥ کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێنا و بەم هۆیەوەش بڕیاریاندا کە بەشداری حکوومەتی داهاتوو نەکەن.